کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: شوێنەکانی دەنگدان لە کوردستان دەبێ لە هەموو ئێران چۆڵتر بێت

11:37 - 18 بانەمەڕ 2721

   ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و بە تایبەت کوردستان دەکات کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و شورای شار و دێیەکان تەحریم بکەن و بە بەشداری نەکردنی خۆیان و چۆڵ ڕاگرتنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەم هەڵبژاردنە بکەنە ڕێفراندۆمی دەنگی "نا" بە کۆماری ئیسلامی و هەموو جەنایەت و گەندەڵییەکانی.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندنی ژمارەی ١ی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

گەلانی ستەملێکراوی ئێران!

ئازادیخوازان!

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بۆ جارێکی تر شانۆی بەناو هەڵبژاردنەکانی خۆی بەڕێوە دەبات. ئەمە لە کاتێکدایە کە بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران لە خراپترین ئاستی خۆی لە مێژووی نگریسی کۆماری ئیسلامیدایە.

مودیرییەتی ناکارامە و نابەرپرسانەی ئابووریی وڵات، گەندەڵیی لەڕادەبەدەری بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە و ئابڵۆقە ئابوورییەکان، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی هێناوەتە لێواری هەڵدێرەوە. ئەو دۆخە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکان و لەوانە خەڵکی هەژار و مافخوراوی ئێرانەوە زیاتر هەستی پێ دەکرێت. لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی درێژە بە قوماری لەپێشڕا دۆڕاوی خۆیان دەدەن و کایە لەسەر گیان و ماڵ و ژیانی خەڵکی ئێران دەکەن و بە درێژەدان بە سیاسەتی چەوتی ناوکی و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و بگرە هەموو جیهان، وڵاتانی دنیایان لەگەڵ خۆیان کردووەتە دوژمن و لە ناوخۆشدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵقەی یارانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و نزیکانی دەسەڵات بەرتەسکتر دەبێتەوە. گرتن، ئێعدام و تێرۆر، ئەشکەنجە و تۆقاندن بەشێکی دانەبڕاوە لە شێوازی حکوومەتداریی ئەم ڕێژیمە.

لەو ناوەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر جارە دەورێکی نوێ لە شانۆگەریی هەڵبژاردنەکان دەخاتە بەرچاوی کۆمەڵگای جیهانی و خەڵکی ئێران، هەڵبژاردن چ بۆ مەجلیسی شورای ئیسلامی یان شورای شارەکان و چ بۆ سەرۆککۆماری لە ئێراندا بێت هیچ پێوەندییەکی بە هەڵبژاردنی ئازاد بە شێوەی باو لە دنیای ئازاد و وڵاتانی دێموکراتیکدا نییە و تەنیا شانۆیەکە بۆ ڕازاندنەوەی ڕواڵەتی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و سەرکوتکەر.

لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی بە وەڕێخستنی ئەو شانۆگەرییانە هەوڵی داوە خەڵکێکی زۆرتر ڕابکێشێت بەرەو سندووقەکانی دەنگدان و ئەو بابەتە وەک پشتیوانیی خەڵک بۆ نیزامی سیاسی لە قەڵەم بدات و بە بیروڕای گشتیی دنیای دەرەوە و بەشێک لە خەڵکی ناوخۆی بفرۆشێتەوە.

ناوزڕاندن و شەڕی دەسەڵات گەیشتووەتە لووتکەی خۆی و دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی هەر ڕۆژە کەلێنێکی تازەیان تێدەکەوێت. نفووزی وڵاتانی دەرەکی تا قووڵایی ئەمنی و سەربازی و ئۆپەراسیۆنە یەک لە دوای یەکەکانی وەک تەقاندنەوەی شوێنەکانی بەرهەمهێنانی ئورانیۆم تا بردنە دەرەوەی سەدان و هەزاران بەڵگەی مەحرەمانەی دەوڵەتی تا ئاستێک کە هەموو نهێنییە سەربازی و دەوڵەتییەکان ئاشکرا کراوە و ئیتر شتی شاراوەی بۆ نەماوەتەوە.

  لەلایەکی دیکەوە ڕێژەی ئەو خەڵکەی هێشتا متمانەیان بە حکوومەت ماوە لە خوارترین ئاستی خۆی لە هەموو مێژووی کۆماری ئیسلامیدایە.

سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی ١٣٩٦ و ١٣٩٨، درۆ و فریوکاری لەهەمبەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئۆکراینی لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ لەسەر تاران، خەمساردییان لەهەمبەر پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆویدی ١٩ و زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی و ئابووری لە خەڵکی هەژار ئیتر جێگایەکی بۆ متمانە و دڵخۆشی بە پڕۆپاگەندەی دەوڵەتی و حکوومی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن نەهێشتووەتەوە. لە ئاخرین ڕاپرسییەک کە تێلێڤیزیۆنی ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت تەنیا سی لەسەدی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن. هەرچەند ئەو ئامارگیرییانەش وەک زۆر شتی دیکە لە وڵاتێکی دیکتاتۆری و کەش و هەوایەکی داخراودا بەڕێوە چووە و ناتوانێت هەموو ڕاستییەکان نیشان بدات و وێدەچێت ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر کەمتر لەوە بێت، بەڵام خۆی لە خۆیدا ئەوە دانپێدانانێکی سەرنجڕاکێشە کە لە زمانی دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە دەبیسترێت.

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

ئاستی ناڕەزایەتیی خەڵک تا دێ، ڕوو لە هەڵکشانە و خەڵک بە تەواوی لەو ڕێژیمە بێ هیوا بوونە و ئەو نارەزایەتییە جەماوەرییە ئیتر تەنیا تایبەتمەندیی نەتەوە بندەستەکانی ئێران نییە و هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووەتەوە. ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساڵانەی ڕابردوو، کە خەڵک لەسەر موحتاجبوون بە نانی شەوی خۆیان دەریانبڕیوە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە تا چ ڕادەیەک کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی بێکیفایەت و نابەرپرسن لە ئاست ژیان و بژێویی خەڵکدا.

 دیارە بارودۆخی کوردستان تا ڕادەیەکی بەرچاو خراپترە لە هەموو بەشەکانی دیکەی ئێران. خەڵکی کورد جیا لە هەڵاواردنی ئابووری کە بەسەریاندا سەپاوە  و کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی زیاتر، لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا هەر لەژێر گوشار و هەڵاواردندان.

لەبیرمان ناچێتەوە کە سەرۆککۆمارەکانی پێشوو هەر جارەو بە دروشمێکی نوێ و بەڵێنیی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە خەڵک بهێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دواتریش وەڵامیان بۆ خەڵکی تێکۆشەری کوردستان گوللـە و پەتی سێدارە و زیندان بووە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دوای لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی بارودۆخی ئێستای ئێران و ناوچەکە بەو ئاکامە گەیشت کە بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنەشدا هەر وەک جارانی پێشوو هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵک تێدا نابێت و تەنیا دەبێتە کەرەستەی پرۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامی بۆ نیشاندانی ئەوەی کە لەنێو خەڵکدا ڕەوایی هەیە. لەوە زۆرتر بەشداریی خەڵک لەم هەڵبژاردنەشدا دەبێتە یارمەتیدەر و پاساودەری سەرکوتی زیاتر، ئەشکەنجەی زیاتر و ئێعدامی زیاتر لە جاران و مۆری تەئیدێک لەسەر کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و بە تایبەت کوردستان دەکات کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و شورای شار و دێیەکان تەحریم بکەن و بە بەشداری نەکردنی خۆیان و چۆڵ ڕاگرتنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەم هەڵبژاردنە بکەنە ڕێفراندۆمی دەنگی "نا" بە کۆماری ئیسلامی و هەموو جەنایەت و گەندەڵییەکانی.

لە ڕوانگەی ئێمەوە تەنیا دەنگنەدانی تاکەکان بەس نییە، بەڵکوو هەموو تاکێکی کۆمەڵگا دەبێ ببێتە تریبۆنی "نا" بۆ هەڵبژاردن و هەموو لایەک وێکڕا، بکەوینە خۆ بۆ تەحریمی چالاکی هەڵبژاردنەکانی ئەو دەورەیەی کۆماری ئیسلامی و بە تەواوی پووچەڵبوونی ڕەوایی ڕێژیم بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بکەین و بسەلمێنین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٧ی گوڵانی ١٤٠٠ی هەتاوی

٧ی مەی ٢٠٢١ی زایینی