کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: ناو‌ و یادی شەهید هیدایەت دەکەین بە ئیلهام بۆ خەباتێکی شێلگیرانەتر دژی ڕێژیمی دژەکوردی کۆماری ئیسلامیی ئێران

11:23 - 5 پووشپەڕ 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە ناو‌ و یادی شەهید هیدایەت دەکەین بە ئیلهام بۆ خەباتێکی شێلگیرانەتر دژی ڕێژیمی دژەکوردی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران  لەبارەی ئێعدام‌کرانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ!

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە پاش چەند ڕۆژێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی (٢٤ی ژووئەنی ٢٠٢٠ی زایینی) ئەو هەواڵە پشتڕاست کرایەوە .

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، کوڕی ئەبووبەکر لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٩ و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی نیزیک دوو مانگ پاش شەڕی نابەرابەری قەرەسەقەل لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە قۆڵبەست کرا. هیدایەت عەبدوڵڵاپوور کە نیزیک بە چوار ساڵ لەژێر ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازاری جەستەیی و ڕووحیی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دابوو، سزای ئێعدامی بەسەردا سەپابوو. هەروەها بەر لە ئێعدامکرانی ماوەی ٥ مانگ بوو شوێن‌بزر کرابوو و تەنانەت ئیزنی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژن و منداڵەکانیشی پێ نەدرابوو، و دواجار ڕۆژی ٢٢ی بانەمەڕ حوکمی ئیعدامی ناوبراو لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجی کرا.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و مرۆڤدۆستەکان!

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا بێ گوێدان بە بیروڕای گشتی و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەر چەشنە پێوانەیەکی مرۆیی لە سەرکوت و کوشتاری ڕۆڵەکانی کورد بەردەوام بووە و بە بەرچاوی بیروڕای گشتیییەوە جینایەتەکانی دەرحەق بە گەڵانی ئێران بە گشتی و گەڵی کورد بەتایبەتی درێژە پێ‌دەدا.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەو ماوەیەدا بە مەبەستی كپكردنی دەنگی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و بەردەوامیی دەسەڵاتی ناڕەوای خۆی لە هەموو ئامرازێكی سەركوت و کوشتوبڕ كەڵكی وەرگرتوە. نەتەوەی خەباتکاری كورد لە ئێران لە باری حەشیمەت و ڕێژەی ئێعدامی سیاسی لە سەرووی ڕیزبەندییەكان‌ دایە و لە چوار دەیەی ڕابردوودا پۆل پۆل لاوەكانمان بە تاوانی ئازادیخوازی و مافویستی دەبرێنە بن پەتی سێدارە. 

لەو هەلومەرجەشدا کە دنیا گیرۆدەی پەتای کۆرۆنایە و دەوڵەتان هەموو خەمیان کەمکردنەوە لە مەینەتی و ئازارەکانی خەڵکەکەیانە، کۆماری ئیسلامی لە ئێعدامی ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی کورد و سیاسەتی کوشتوبڕ لە کوردستان بەردەوامە. بۆیە داوا لە وڵاتانی بڕیاربەدەست و بەرپرسیار، هەروەها کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ دەکەین بە گرتنی هەڵوێستی شیاو پێش بە بەردەوامیی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی سەرکوت و ئیعدامی ڕۆڵەکانی کورد بگرن و چی دیکە ڕێگە نەدەن ئەم تاوانانە بۆ کۆماری ئیسلامی بەبێ تێچوو درێژەیان هەبێ.

ئێعدامی هیدایەتی عەبدوڵڵاپوور و ڕاگەیاندنی بە بنەماڵەکەی لە حاڵێکدایە کە ماوەی نزیک بە ١٠ ڕۆژ دەبێ سپای پاسداران لەژێر ناوی مانۆڕی سپا، هێزێکی زۆر و کۆک و پۆشتەوپەرداخی بە هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتوو هێناوەتە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و ماوەبەماوە و بێ هۆکار ڕەز و باغ و مووچە و مەزرا و کوێستانەکانی سەر سنوور تۆپ وخومپارەباران دەکا و زیانی زۆری بە خەڵکی ناوچەکە و ژینگە و سروشتی ئەم دەڤەرانە گەیاندوە.  هاوکات لەلایەن فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانەوە هەڕەشەی هێرشی زەوینی و ئاسمانی لە حیزبە کوردستانییەکان دەکرێ و ئەم جۆرە لێدوان و دەربڕینانە ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست دەکەنەوە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئامانجی لە وەڕێخستنی ئەو مانۆرە هێرش‌کردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقە. بێگومان وڵاتان و ڕێکخراوە سیاسی و مرۆڤدۆستەکان پێویستە سیاسەتی دەستدرێژیکەرانەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکەن و سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن. 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هاوکات لەگەڵ دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهید هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، خۆی بە هەڵگڕی خەم و ئازارەکانی هەموو بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان دەزانێ. هاوکات کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ئێعدامی ڕۆڵەکانی کورد و هێرش و پەلاماری مووشکی و تێرۆری تیکۆشەرانمان، لە بڕینی رێگای خەبات بۆ وەدەستهینانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان ساردمان ناکاتەوە.

بە دڵنیاییەوە ناو‌ و یادی شەهید هیدایەت عەبدوڵڵاپوور دەکەین بە ئیلهام بۆ خەباتێکی شێلگیرانەتر دژی ڕێژیمی دژەکوردی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهید هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، نوێترین شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەی کورد

ڕیسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی

٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢٠ی زایینی