کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ناوەندی هاوکاری"، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بە ڕەوا دەزانێت

10:40 - 26 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران کرد و ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی بە ڕەوا زانیوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ خۆپیشاندانە خەڵکییەکانی ئێران، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و وێڕای پشتیوانیکردن لەم خرۆشانە جەماوەرییە، ئەم ناڕەزایەتییانەی بە مافی خەڵک و بە ڕەوا وەسف کردووە و داوای کردووە کە هەتا بە چۆک داهێنانی ڕێژیم و باندە مافیاییەکانی، درێژە بە هەڵوێستی شیاو و بوێرانەیان بدەن.

لە بەشێکی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، ڕێژیمی ئیسلامی بە پرۆژە ناپێویست و زیانبارەکانی، بە دزین و تاڵانکارییەکانی سەروەت و سامانی خەڵک و بە تەرخانکردنی سامانی خەڵکی ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و دەستێوەردانە ئاژاوەگێڕییەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هۆکاری بەفیڕۆدانی سامانی ئێران و ئەو هەژارییە لەڕادەبەدەرەی خەڵکی ئێرانە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بە گرانبوونی ٣٠٠ لەسەدیی بێنزین کراوە کە لە ئاکامدا، خرۆشانی خەڵکی بەدواوە بووە کە بەداخەوە ئەم خۆپیشاندانە جەماوەرییانە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا لێکەوتووەتەوە.