کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ئێران بەردەوام دەبێت

11:31 - 2 جۆزەردان 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوامی مامۆستایان و کرێکاران لە کوردستان و ئێران، ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو لە زۆربەی شارەکانی ئێران و لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا دژ بە کۆماری ئیسلامی تەشەنەی سەند. ئەگەرچی ئەم ناڕەزایەتییە بەربڵاوە بە شێوەی خۆپیشاندانی سەرشەقام هەتا ئێستا بەشێک لە شارەکانی گرتووتەوە بەڵام ئەوەی کە لای خەڵک بەتەواوی ڕوونە ئەوەیە کە هۆکاری ئەو هەموو نەهامەتییەی کە بەرۆکی کۆمەڵگەی ئێرانی گرتووتەوە تەنیا و تەنیا سیاسەتی سەرتاپا هەڵەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەر و بەرپرسانی ژێردەستی ئەوە.

ڕاستە ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی ئەم دواییە کە دەسپێکەکەی لە بەر گرانیی لەڕادەبەدەری شتومەکی ئاسایی ڕۆژانە و قوتی خەڵکە، بەڵام ئەوە تەنیا بەشێکە لە هۆکاری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، دەنا هەروا کە لە دروشمەکانی خەڵکدا هەر زوو دەردەکەوێت هۆکاری ئەو هەموو قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە، ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیکی سەدەکانی ناوەڕاستە کە وای لەو وڵاتە دەوڵەمەندە کردووە کە تەنانەت نانی ڕۆژانەی خەڵکیش ببێتە جیرەبەندی و هەندێه شتومەکی ئاسایی و ڕۆژانەی مرۆڤ لە ژیان و لەسەر سفرەی خەڵکی بێ دەرەتانی ئێران نەمێنێت.

هەژاری و بێکاری و بێ ئەنوایی خەڵک لە حاڵێکدایە کە گەندەڵی و ئیختلاس و دزیی لەبڕان نەهاتووی بەرپرسانی ڕێژیم گەیشتووەتە ئاستێک کە زۆر جاران لە بەر کێشە ناوخۆییەکان، هەر خۆیان لە یەکتری لەقاوی دەدەن و هیچ شەرمێکیش لە خەڵکێک ناکەن کە توانایی کڕینی نانی ڕۆژانەشیان نەماوە. لەگەڵ ئەوەشدا ناردنی پارە و سامانی وڵات بۆ پڕچەککردنی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت، هۆکارێکی دیکەی ئەو قەیرانە ئابوورییەیە کە خەڵکی ئێران پێوەی گرفتارن.

هەموو ئەوانە لە حاڵێکدایە کە هەر چەشنە دەنگهەڵبڕین و ناڕەزایەتییەک بەرانبەر ئەو دۆخە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە توندترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە و ڕۆژ نییە کە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ڕۆژنامەنووسانی دەروەست و خەڵک، لەوبارەوە بانگهێشت و دەسبەسەر و هەڕەشەیان لێ نەکرێت.

لە وەها دۆخێکدا کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ئەوەی هەوڵی چاککردنی ژیانی خەڵک بدا هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و بەتایبەتی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران دەست دەکەن بە کۆبوونەوەی بەربڵاو و مانۆڕی سەرکوت.

ئەوە خاڵی هاوبەشی هەموو ڕێژیمێکی دیکتاتۆرە و تەنیا چەکی دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەر ئەوەیە، بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە ئەو چەکەش لە بەرانبەر یەکگرتوویی خەڵکدا بە چۆکدا دێت.

خەڵکی کوردستان وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی جەماوەری ناڕازی لە باقیی ناوچەکانی ئێران، لەو باوەڕەدایە چەکی ژەنگاویی سەرکوت لە بەرانبەر هێزی یەکگرتوو و ئیرادەی یەکگرتووی خەڵکی ئێران خۆی پێ ڕاناگیرێت و لە کۆتاییدا سەرکەوتن هەر بۆ خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لە چنگ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وەک هەمیشە پشتیوانی لە ناڕەزایی جەماوەری خەڵکی کوردستان و ئێران دەکات و پێمانوایە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە نیشانی دا کە ناڕەزایی جەماوەری خەڵک دژی کۆماری ئیسلامی چووتە قۆناغێکی نوێوە و ئەم ناڕەزاییانەش بەردەوام دەبێت و کۆماری ئیسلامی توانای تێپەڕاندنی ئەم قەیرانگەلەی نابێت. داواش لە سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەکەین لە ئێستادا کە هاودەنگییەکی گشتی دژ بە کۆماری ئیسلامی لەنێو جەماوەری خەڵکدا دروست بووە، دەبێ هەنگاوی جیدی هەڵبگرێت و کوردستانیش  وەک هەمیشە دژ بە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لە مەیداندا دەبێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی