کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یەکێک لە بەرچاوترین قوربانیانی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه

13:02 - 21 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، پێویست بوو زۆر زووتر لە ئێستا، ئامریکا و ڕۆژئاوا ئەو بڕیارەیان بدایە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

راگەیەنڕاوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران

ڕۆژی ١٩ی خاكەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٨ی ئاڤریلی ٢٠١٩ی زایینی، دانڵد ترامپ، سەرۆكی ئامریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كە سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی لە ڕیزی گرووپە تێرۆریستییەكان دانا ‌و بەو نزیكانەش وردەكاریی ئابڵۆقەكانی سەر ئەو ڕێكخراوە تێرۆریستییە ئاشكرا دەكات.

لەپاش نزیكەی ٤٠ ساڵ لە دامەزراندنی سپای پاسدارانی ڕێژیم، ئەم هەڵویستەی دەوڵەتی ئامریكا ئەگەرچی درەنگ بوو، سەرەڕای ئەوەش لە لایەن گەلانی ستەملێكراوی ئێران‌ و بەتایبەتی خەڵكی كوردستانەوە بە ئەرێنی سەیر دەکرێت، كە یەكەم گۆڕەپانی تاوانە دژەمرۆیی ‌و تیرۆریستییەكانی پاسدارانی ڕێژیم، كوردستان بووە. ئەوەی کە سپای پاسدارانی ڕێژیم لە نێوەڕۆکی خۆیدا هێزێکی سەرکوتکەر، تیرۆریست و دەستێوەردەر لە وڵاتانی دوور و نزیک بەتایبەت وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، نە بۆ خەڵکی ئێران و نە بۆ زۆربەی وڵاتان جێگای گومانی نەهێشتووەتەوە و جێگرتنی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستەکاندا پڕ بە پێستیەتی.

ئەم بڕیارەی سەرکۆماری ئامریكا لە كاتێكدایە، كە ماوەی ٤ دەیەیە سپای تیرۆریستی پاسداران دژ بە گەلانی ئێران و بەتایبەت دژ بە گەلی کورد بە كوشتن‌ و زیندان‌ و ڕفاندن لە نێوخۆ ‌و دەرەوەی ئێران و تۆپباران و مووشەکبارانی بارەگاکانی هێزە کوردییەکان کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدات. لەحاڵێکدا پێویست بوو زۆر زووتر لە ئێستا و پێش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وڵاتانی ئورووپایی و یەکیەتیی ئورووپا ئەو پێویستییەیان ئەنجام دابا، کە بەشێکی بەرچاوی تێرۆرەکانی سپای پاسداران لە وڵاتانی ئەوان بە ئەنجام گەیشتوون و سەروەریی خاک و دەسەڵاتی ئەوانی پێشێل کردووە. تەنانەت پاش تێرۆری غوڵامی کەشاوەرز لە لارناکای قێبرس و کاک سدیقی کەمانگەر لە باشوری کوردستان و دواتر دوکتور قاسملوو لە ڤیەن، زۆر نیشانەکان ئەو ڕاستییەیان دەرخست و لەوە زیاتریش پاش تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلین و پێداگریی دەزگای قەزاییی ئاڵمان بۆ درێژەدان بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تێرۆرە تا بە ئاکامگەیشتن و تێرۆری سەدان هەڵسووڕی سیاسیی دیکە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی لە بەرزترین پلەی دەسەڵاتدا لە لایەن دادگایەکی بەناوبانگی ڕۆژئاوایی بە ئەمردەری ئەو تێرۆرە بە جیهان ناساند. بەداخەوە ئورووپایییەکان تەنیا بە هێندێ هەڵویستی ناشوێندانەر وەک بانگکردنەوەی باڵوێزەکانیان لە تاران بۆ ماوەیەکی کورت قەناعەتیان کرد.

لە ئێستادا سپای پاسداران تەنیا هێزێکی سەربازیی سەركوتگەر نییە، بەڵكوو لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هەموو جومگە ئابووریی‌، سیاسی و سەربازییەكانی ئێرانی بە دەستەوە گرتووە ‌و بۆ پاراستنی بنەماكانی ویلایەتی فەقیهـ ‌و هێشتنەوەی دەسەڵاتی ڕەشی كۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دروستکردنی سپای قودس هەموو ئامرازێكی دژە ئینسانی ‌و تێرۆریستی بەكار هێناوە‌ و بەكاری دێنێت. سپای پاسداران جێبەجێكاری سیاسەتی پاوانخوازانەی ڕێژیم بەناو هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی خۆی بووە‌ و بە دروستكردنی دەیان ڕێكخراوی تێرۆریستیی دیكە لەژێر ناوی جۆراوجۆرەوە دەستی لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە وەك عێراق، سووریە، لوبنان.... وەرداوە ‌و بۆ پێكهێنانی هیلالی شێعە بە خەرجكردنی بوودجەی خەیاڵی ‌و لە ڕێگەی تێرۆر ‌و كوشتن هەوڵ بۆ دروستكردنی هیلالی شێعە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات. هەر ئێستاش سپای پاسداران بە پشتیوانی لە هێزە توندڕەوە شێعەکان لەوانە ١٥ گرووپی چەکدار لە عێراق، سووریە و لوبنان پشتیوانیی دارایی و لۆجستیکی دەکات، بۆیە بڕیاری ئابڵۆقەی سپای پاسداران دەبێت گورزی كاریگەر لەو سامان ‌و سەرمایە زەبەلاحە بدات، كە سپا كۆی كردووەتەوە و پشتیوانی گەورەی مانەوەیەتی.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە لە بەشێک لە وڵاتانی ناوچە هەم هێزی سەربازیی ئەو سپایە و هەم هێزی سەربازیی ئامریکایان لێ جێگیرە، ئەگەری تێکەڵچوونی سەربازیی لەو ناوچەیە زیاد دەکات و تاوانی ئەو قەیرانە نیزامییەش ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی سپای پاسداران و ڕێژیمی ئێرانە، کە هەتا ئێستاش لە هەموو شەڕەکانی ئەو ناوچەیە لایەنگری ئاژاوە و تێرۆر بوون. هاوکاتبوونی درێژکردنەوەی سزاکانی یەکیەتیی ئورووپا لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە لە لایەن شۆرای وەزیرانی یەکیەتیی ئورووپا دەربڕی، ئەو ڕاستییەیە کە یەکیەتیی ئورووپاش سەرەڕای ڕاگەیاندنی پێبەندبونی بە بەرجام، بەڵام ناتوانێت لە ئاست سیاسەتی تیرۆریستی و ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بێدەنگ بێت. بەتایبەت کە ڕەفتاری تێرۆریستیی سپای پاسداران لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا لە لایەن چەند وڵاتی ئورووپایییەوە بە ئاشکرا لەقاو درا و لە بەرانبەر چالاکییە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا سکاڵایان بۆ سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز کردووەتەوە.

دەرچوونی بڕیاری بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیم، دەرئەنجامی سیاسەتە دژە مرۆیییەکانی کۆماری ئیسلامییە لە ئێران و ناوچەکەدا. نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە یەکێک لە بەرچاوترین قوربانیانی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێران و زەجرچێشتووی ڕەفتاری سەرکوتکارانەی سپای پاسداران بووە و هەیە و سەدان تێکۆشەری کورد تێرۆر کراون .

ئەو ڕاستییەش لە بەرچاوە هەتا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواویەتیی خۆیدا بمێنێت، ئەستەمە ئەم ناوچەیە ڕووی ئارامی و ئاسایش بە خۆ ببینێت و تێرۆریزم ڕیشەکێش ببێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی

٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، ٩ی ئاڤریلی ٢٠١٩ی زایینی