کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: ویست و داخوازیی مامۆستایان بەرحەق و ڕەوان

17:30 - 13 رێبەندان 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە مانگرتنەکانی ئەم دواییەی مامۆستایان لە کوردستان و ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

 دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

مامۆستایانی خوێندنگە و زانکۆکانی ئێران و توێژی فەرهەنگی و خانەنشینکراوانی کەرتی فێرکردن و پەروەردە لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیان بە دۆخی ژیان و مافە سینفییەکانیان، جارێکی دیکە هاتوونەتەوە سەر شەقام و شەپۆلێکی دی لە ناڕەزایەتییەکانیان وەڕێ خستۆتەوە.

وەک هەمووان ئاگادارن لە سەرەتای ئەم حەوتوویەوە و لەسەر بانگەوازی "ئەنجوومەنی سێنفیی مامۆستایان" لە بەشیکی زۆری شار و گوندەکانی سەرانسەری ئێران بە کوردستانیشەوە مامۆستایان بە مەبەستی داواکردنی دابینکردنی مووچەی خانەنشینی، مووچە و پلەبەندی وەک یەک و هەروەها داواکاری بۆ ئازادکردنی هاوپیشەکانیان لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا، بە شێوەی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین نەچوونەتە سەر کار و لەسەر داواکارییەکانیان پێداگر بوون.

وتەبێژی ئەنجوومەنی سێنفیی مامۆستایان دەڵێت، ئەم ناڕەزایەتییانە ٣٠٠ شاری ئێرانی گرتووەتەوە و هەر لەم بانگەوازەدا داوا لە قوتابییان و خوێندکاران کراوە کە بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان بێنە ڕیزی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانەوە.

داخوازیی مامۆستایان و ناڕەزایەتییەکانیان لەهەمبەر ڕەوشی خوێندن لە قوتابخانەکان وەک نەمانی ئاسەواری خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەمووان، بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندی، هەڵاواردنی سیستماتیک، و هەروەها ڕێگری لە خوێندن بە زمانی دایکی و دواکەوتنی مووچە و حەقدەستەکان، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم نەک هەر تا ئێستا وەڵامی داوا ڕەواکانی مامۆستایانیان نەداوەتەوە، بەڵکوو بەشێک لە مامۆستایانیان خستووەتە بەندیخانە و لە زۆر شوێن لەلایەن هێزەکانی بەناو دژە شۆڕش بێڕێزی بە مامۆستایان کراوە و ئەشکەنجە و ئازار دراون.

 هاوکات ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی گەشەسەندنی ئەو ناڕەزایەتییانە هەوڵی گرتن، سەرکوت، بەلاڕێدابردن و چەواشەی داخوازییە ڕەواکانیان دەدەن. ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەو ماوەیەدا هەموو هەوڵیان ئەوە بووە کە سەربەخۆیی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و داخوازییە ڕەواکانیان بخەنە ژێر پرسیار و وا نیشان بدەن کە دەستی دەرەکی لە پشت وەڕێخستنی ناڕەزایەتییەکانەوەن.

مامۆستایان وەک توێژی پێشەنگی کۆمەڵگە کە هەردەم لە خزمەت پێگەیاندن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە‌دان، لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵی ڕابردوودا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و کاربەدەستان و ئۆرگانە پێوەندیدارەکانەوە پشتگوێ‌ خراون و بایەخێکی ئەوتۆ بە کار و ئەرک و خزمەت و ژیانیان نەدراوە.

وەک چۆن لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا بودجەی ناوەندە ئەمنییەتی و سەربازی و ئیدئۆلۆژیکییەکانی ڕێژیم چەند سەد بەرابەر زیاد دەکرێت، کەچی سەرەڕای ئاوسانی ئابووریی سەدا ٥٠ بەڵام مووچە و مزی مامۆستایان سەدا ١٠ دەچێتە سەرەوە. سەرباری ئەوەش زۆر جار لەسەر داواکردنی مافەکانیان و دەربڕینی بیروڕا دەگیرێن و سزای قورسی بەندکردنی درێژخایەنیان بەسەردا دەسەپێت. لەو نێوانەدا ڕەوتی سەرکوتی مامۆستایان و بێ‌بایەخکردنی مافەکانیان لە کوردستان دیارتر و بەرهەستتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بووە و زۆر جار مامۆستایان لەسەر وانەوتنەوە بە زمانی غەیرەفارسی کەوتوونەتە بەندیخانەوە و سەرەتاییترین مافەکانیان پێشێل کراون.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لە خواستی بەرهەق و ڕەوای مامۆستایان، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات کە هاوپشت و پشتیوانی مامۆستایان بن و لە خەبات و تێکۆشانی ئەوان کە لەپێناو دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەش بۆ کۆمەڵگەیە، پشتیان بەرنەدەن و لەگەڵیان بمێننەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی