کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: وەدەنگهاتن لەسەر زارا محەممەدی بەرپرسایەتییەکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە

12:04 - 29 پووشپەڕ 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەنیسبەت سەپاندنی سزای ١٠ ساڵ زیندان بەسەر "زارا محەممەدی" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئەو سزایەی بە دەمەلاسکەیەکی گاڵتەجاڕ بە مافی مرۆڤ لەقەڵەم دا.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

سزایەکی قورس لە وڵامی مافێکی بنەڕەتیدا

(سەپاندنی سزای دە ساڵ زیندان بۆ وانەبێژێکی زمان تاوانێکی گەورە و دەمەلاسکەیەکی گاڵتەجارە بە مافی مرۆڤ)

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی کورد!

ناوەند و ڕێکخراوە جیهانی و نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ!

دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر "زارا محەممەدی"، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سنەدا سەپاندووە. زارا محەممەدی لە چوارچێوەی کاری ڕێکخراوەیی و مەدەنیدا، کاری لەسەر پرسی زمان دەکرد و  یەکێک لە مامۆستایانی فێرگەی زمانی کوردی لە ناوچەی سنەیە کە گرینگیدان بە زمانی دایک و خزمەتکردن بە زمانی دایک لە ڕێگەی فێرکردنی فێرخوازانەوەی بۆ بە تاوان نووسراوە و لەو سۆنگەیەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە کە بەرپرسی "نۆژین"، ڕێکخراوێکی ڕێگەپێدراوی فەرهەنگی لە پارێزگای سنەیە، تۆمەتی دروستکراوی پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە دژی کۆماری ئیسلامیی دراوەتە پاڵ، کە بەڕێوەبەریی ئەم ڕێکخراوەیە و لە ڕاگەیەندراوی فەرمیی خۆیدا هەموو ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردووەتەوە.

ئەم سزا قورسەی بەسەر "زارا محەممەدیـ‌"ـدا سەپاوە؛ تەعبیر لە سیاسەتی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی شوناسویستیی کورد دەکات کە ئەم ڕێژیمە لە چوار دەیەی تەمەنیدا هەموو کاتێک گرتوویەتە بەر.

مەبەست لەو سیاسەتەش بردنەسەرەوەی تێچووی هەڵسووڕانی سیاسی و مەدەنی و شوناسخوازی بۆ چالاکانی ئەم بوارە و ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگەیە، سیاسەتێک کە سەرەڕای تێچووی زۆری بۆ کۆمەڵگەی کوردی بەڵام قازانجێکی بۆ ڕێژیم نەبووە.

ئەم بڕیارەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی هاوکات ناتەبایی لەگەڵ یاسای بنەڕەتیی وڵاتیش هەیە کە بەپێی ئەم یاسایە فێرکردنی زمانی دایک نەک تاوان نییە، بەڵکوو هەم وەک ماف بە فەرمی ناسراوە و هەم دەوڵەت ئەرکدار کراوە لەپێناو وەدیهاتنی ئەو مافەدا، کە دیارە لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ئەو مافە لە نەتەوە غەیرەفارسەکان زەوت کراوە و حکوومەت و دەوڵەتیش بەهۆی ڕوانگەی ئەمنییەتییان بۆ ئەم پرسە هیچ پلان و بەرنامەیەکیان بۆ جێبەجێکردنی نەبووە.

ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و هەرکام لە نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەم وڵاتە زمان و شوناسی جیاوازی خۆیانیان هەیە. هەموو یاسا نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤیش ئەو مافەی بە مرۆڤەکان داوە بەبێ جیاوازیی ڕەگەز و پێست و ئایین و نەتەوە، بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن و پەرەی پێ بدەن. ئەو مافە لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافە زمانییەکان، جاڕنامەی زمانی دایکیی یوونسکۆ، کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافی منداڵان و پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە. کۆماری ئیسلامییی ئێرانیش لەلایەک هەموو ئەو پەیماننامە نێونەتەوەییانەی ئیمزا کردووە و لەلایەکی دیکەوە لە یاسای بنەڕەتیی خۆشیدا دانی پێ دانراوە؛ بەڵام لە بەشی کردەوەییدا نەک خۆی لە هەموو ئەو بەرپرسایەتییانە دزیوەتەوە، بەڵکوو ئەو مافەی بە مەترسییەک بۆ سەر ئەمنییەتی خۆی زانیوە و چالاکانی ئەم بوارەشی بە دژبەری خۆی سەیر کردووە.

چالاکانی مەدەنیی وەک "زارا محەممەدی" داژدار و پارێزەری زمان و شوناسی نەتەوەیەکی حاشالێکراون. ئەوان ئەرک و ڕیسالەتێکیان خستووەتە سەر شانیان کە لە بنەڕەتدا ئەرکی دەوڵەت و دامودەزگا حکوومەتییەکانە. بەڵام لەبەر دژی‌ گەلیبوونی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوە ڕۆڵە ئازا و بوێر و مافویستەکانی نەتەوەی کوردن کە خەم لەو پرسە گرینگەی شوناس دەخۆن و لەپێناو ئەو ئەرکە پیرۆز و مافە ڕەوایەشدا تێچووی قورسی بۆ دەدەن.

وەدەنگ هاتن لەسەر زارا محەممەدی ئەرکێکی ئەخلاقی و لە هەمان کاتدا بەرپرسایەتییەکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە. کۆمیتەی زمانی دایک، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم بڕیارەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکات و بە نیشانەی ترس و زەبوونیی ڕێژیم لە ئاست بزووتنەوەی مافخوازیی گەلی کوردی دادەنێت. هاوکات داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە دەکات لەپشت "زارا محەممەدی" بووەستن و خاوەندارێتیی لێ بکەن و ئەم داکۆکییە بە ئەرکی مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیانی بزانن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی زمانی دایک

٢٧ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٩

١٧ی جولای ٢٠٢٠