کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری پەیامێکی بەنیسبەت ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بڵاو کردەوە

13:08 - 3 خاکەلێوه 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆز پەیامێکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی تریش سەلماندیان کە لە خۆشی و ناخۆشیدا ڕەمزە نەتەوەییەکانی خۆیان بەرز دەنرخێنن و ملکەچی خواستی کۆماری ئیسلامی نابن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتکار و تێکۆشەری کوردستان!

لە پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی ٢٧٢١ی کوردیدا هاتبوو کە با هەموومان ئەمساڵ فەلسەفەی نەورۆز وەکوو هێمای ژیانەوە و ڕاپەڕین، بکەینە چرای ڕێگای ژیان و خەباتمان و بە تێکۆشان و گیانبازیی زیاتر، یەکڕیز و یەکگرتوو تا ڕووخاندنی ڕێژیم و بنیاتنانی داهاتوویەکی دوور لە ئازار و ستەم و چەوسانەوە بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو، لە سەنگەری خەباتدا پتەو ڕاوەستین و بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەباتی ئازادیخوازانە، شان بە شانی گەلانی دیکەی ئێران یەک جار بۆ هەمیشە کۆتایی بە مۆتەکەی دەسەڵاتی ستەمکارانەی ڕێژیمی مرۆڤکوژ و کاولکەری کۆماری ئیسلامی بێنین.

 لەو نەورۆزەدا ئێوە خەڵکی خەباتکار و تێکۆشەری کوردستان سەرەڕای هەموو فشارەکانی کۆماری ئیسلامی و هەڕشە لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و بڕینی ئینتێرنێت و هێنانی هێزی زیاتری سەرکوت بۆ گوندەکان و شارەکانی ڕۆژهەڵات و ئەو هەموو تەنگ و چەڵەمانەی کە ڕووبەڕووتان بووەتەوە، ئازایانە و بە خۆشحاڵییەوە ئەمساڵیش هەر وەک ساڵانی ڕابردوو بەرەوپیری داواکاریی حیزبەکانی خۆتانەوە چوون و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ بیر و باوەڕ و ئایینێکی جیاواز، هەموو لایەک بە یەکدەنگی و یەکدڵی هاتنی نەورۆزی دێرین و نوێبوونەوەی ساڵی نوێتان جێژن گرت و بە هەڵپەڕکێ و خۆشی و بە هێمای جامانە و گوڵی سوورەوە بەرەوپیری ساڵی نوێ و نەورۆز چوونەوە و بۆ جارێکی دیکە سەلماندتان کە پشتیوانی حیزبە سیاسی و خەباتکارەکانی خۆتانن و نایەکی دیکەتان بە کۆماری ئیسلامی وت.

لە کەس شاراوە نییە کە کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی خۆی دەدا کە خەڵکی ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی لە هەموو خۆشییەک و یەکیەتی و یەکڕیزی یەک بە دوور بن، چونکە سێحری مانەوەی خۆی لەوەدا دەبینێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەم جێژنە، جێژنێکی نەتەوەیی بێت و ببێتە مەیدانێک بۆ بەهیزبوونی هەستی نەتەوایەتی و نیشاندانی یەکڕیزیی گەل و لە هەمان کاتدا کردارێک بێت بۆ دەربڕینی دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی.

خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی تریش سەلماندیان کە لە خۆشی و ناخۆشیدا ڕەمزە نەتەوەییەکانی خۆیان بەرز دەنرخێنن و ملکەچی خواستی کۆماری ئیسلامی نابن.

خەڵکی ماندوونەناسی کوردستان !

شار و دێ و شەقام و کۆڵانی هەموو کوردستان ئەمساڵیش لێوانلێو لە خۆشی و شایی و هەڵپەڕکێ بوو و ڕۆحی هاوپشتی و هاوخەباتی و هاوچارەنووسی لەنێو دڵی خەڵکی کوردستاندا جارێکی تر ڕەنگی دایەوە. هەموو لایەک شاهیتی هێزی بەرین و لە شکان نەهاتووی ئێوە بوون و هەر ئێوەشن کە ورەپێدەری هەموو بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کوردن.

بەبۆنەی خۆڕاگری و پاراستنی یەکیەتیی نێو ڕیزەکانی گەل، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، دەستخۆشی لە ورەی پۆڵایینتان دەکا و پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەشتان لێ دەکات و پەیمانتان لەگەڵ نوێ دەکاتەوە کە یەکدەنگی و یەکگرتووییتان بکاتە چرای پیشاندەری ڕێگای خۆی و هەموو هێز و وزەی خۆی بۆ پاراستنی یەکیەتی وهاوخەباتی بخەینە گەڕ، بە مەبەستی سەرکەوتنی یەکجاری و گەیشتنی گەلی کورد بە مافەکانی.

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران

سەرکەوێ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ی کوردی

٢٣ی مارسی ٢٠٢١