کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری، پەیامێکی سەرەخۆشیی بە بۆنەی کۆچی دوایی "حەمید دەروێش" بڵاو کردەوە

12:14 - 3 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا بە بۆنەی کۆچی دوایی "عەبدولحەمید حاجی دەروێش"، سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبە و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری ناسراوی کورد هەڤال «عەبدولحەمید حاجی دەروێش»، سکرتێری گشتیی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریە.

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، پێنج شەممە، ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی، کاک عەبدولحەمید حاجی دەروێش، سکرتێری گشتیی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریە، دوای ساڵانێکی زۆر خەباتی سیاسی، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە شاری قامیشلۆ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

کاک عەبدولحەمید دەروێش لە ساڵی ١٩٥٧ی زایینی، یەکێک لە‌ ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى پارتى دێموكراتى كورد له‌ سووریا بووە و ساڵی ١٩٦٢یش پارتی دێموكراتی پێشڤەرۆی كوردی لە سووریا دامەزراند.

خەباتکارێکی ماندوونەناس و تێکۆشەر بووە لە پێناو بەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا و تەنانەت چەندین جاریش لە لایەن ڕێژیمی بەعسی سووریەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.

هاوکات دۆست و هاوڕێی دڵسۆزی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕێز دەگرێت لە ساڵەها خەبات و تێکۆشانی کاک «عەبدولحەمید دەروێش» و بێگومان مەرگی ئەم تێکۆشەرە دێرینە، ئێمەی خەمبار کردووە و هەروەها خەسارێکیشە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا، ئێمە بەم بۆنەوە سەرەخۆشیی گەرمی خۆمان لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٤ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٩ی زایینی