کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری چەند داواکارییەکی ڕوو لە خەڵک و کۆمەڵگەی جیهانی بڵاو کردەوە

11:43 - 28 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە چەند خاڵدا ڕوو لە خەڵک و کۆمەڵگەی جیهانی، داوای کردووە کە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵكی ئێران بکەن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

ئەمڕۆ ٢٧ی مانگی خەزەڵوەر لە بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی بەرپرسانی یەکەمی ھێزەکانی ناوەند سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان بەڕێوەچوو. لەو دانیشتنەدا بۆ جارێکی دیکە پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و ئیعتیرازی ڕەوای خەڵک و یەکدەنگبوونیان کرایەوە، سیاسەتی سەرکوتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی مەحکوم کرا و بەتایبەتی سەرکوت و کوشتاری بەرین لە کوردستان ئاماژەی پێدرا. ناوەندی ھاوکاری، ھاتنە مەیدان و خۆڕاگری و بوێریی خەڵکی بەرز نرخاند و جەختی کردەوە کە خۆپیشاندانی مەدەنی مافی جەماوەرە و ڕاکێشانی بەرەو توندوتیژی ڕێک لە ئەستۆی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامییە.

ھەموو لایەک لە ئێستادا لەسەر ئەو خاڵانەی خوارەوە ھاودەنگ بوون:

١ـ ناوەند ڕوو دەکاتە ھەموو ڕێکخراو و ناوەندە نێونەتەوەییەکان بۆ گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و داوا ڕەواکانی خەڵکی ئێران و کوردستان، بەتایبەتی کۆتاییھێنان بە سیاسەتی کوشتار و میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان. ھەروەھا تەئکید کراوە کە ناوەند لەو ھەلومەرجەدا ھاوکاری و ھاوئاھەنگیی زیاتر لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و بزووتنەوە ئیعتیرازییەکانی ئێران بە پێویست دەزانێت و چاوەڕوانی پشتیوانی و ھاوئاھەنگییە لەگەڵیان.

٢- داوا لە ھەموو کوردانی ھەندەران دەکەین کە بە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری، پشتیوانی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بکەن. بەتایبەتی ڕوو دەکەینە تێکۆشەران و خەڵکانی ڕۆژھەڵاتی لە تاراوگە کە بەو پەڕی تواناییان وەگەڕ بکەون. داوا لە ھێز و چالاکوانانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەکەین کە لەو ھەلومەرجەدا پشتیوانی دۆزی ڕەوا و خەباتی کوردستانی ڕۆژھەڵات بن. ھەروەھا داوا لە ڕێکخراو و ئەندامانی چوار حیزبەکەی ناوەند دەکەین کە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ یەکتر و باقیی لایەنە سیاسییەکانی دیکە، ڕۆژی شەممە، ٢٣ی مانگی نوامبر، ڕێپێوان و ئیعتیرازی سەراسەری لە دەرەوەی وڵات ساز بدەن.

٣- داوا لە چالاکوانانی ناوەوەی کوردستان دەکەین کە چۆن بۆیان بگونجێت بە وشیاری ناڕەزایەتییەکانیان درێژە پێبدەن و تێبکۆشن کە پیلانەکانی ڕێژیم پووچەڵ بکەنەوە. ئێمەش هەوڵ دەدەین کە بە ھاوفیکری لەگەڵ چالاکوانانی ناوەوە لە شێوازی دیکەی ئیعتیرازی گشتیش لە داھاتوودا کەڵک وەربگرین.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی

١٨ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی