کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: ڕێز بۆ تێکۆشان و هەڵوێستی خەڵکی کوردستانی ئێران دادەنێین

13:18 - 10 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ۱٤هەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کۆتایی پێهات و لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین بابەتی گرینگ گفتوگۆی لەسەر کرا.

ڕۆژی پێنج شەممە ٩ی خەزەڵەوەری ۱۳۹٨ی هەتاوی، ١٤هەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران  لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

لەم كۆبوونەوەیەدا ناوەندی هاوکاری چاوخشاندنێکی بەسەر دوایین ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و دەرس و ئەزموونەکان و کاردانەوەی لە خەباتی گەلی کورد بە گشتی و بەتایبەتی لەسەر کوردستانی ئێران كرد و لەسەر ئەم بابەتە ناوەندی هاوکاری هێرشی داگیراکارانەی تورکیەی بۆ سەر خاک و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناڕەوا و  دوور لە پرەنسیپ و یاسا نێونەتەوەییەکان دەزانێت و جەخت لەسەر پشتیوانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخۆازانەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە و داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکات بۆ پاراستنی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ، هەوڵ بۆ پێکهێنانی ناوچەی ئەمن لەژێر چاودێریی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بدەن، هاوكات ناوەندی هاوکاری لەسەر یەکڕیزی و یەکیەتیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان جەخت دەکاتەوە و  لەو باوەڕە دایە کە پاراستنی خەڵک و خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لە یەکڕیزی و یەکیەتیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستان دایە.

ناوەندی هاوکاری لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات، ڕێز لە ئیرادەی گەلی کورد و سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان دەگرێت . ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سپاس و پێزانینی خۆی سەبارەت بە پشتیوانی خەڵکی کوردستانی ئێران لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەگەیەنێت و ڕێز لە هەستی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانی ئێران دەگرێت.

له تەوەریكی دیکەدا پێشنیاری گرتنی کۆبوونەوەی ناوەندیی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ئاشناکردنی کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکانی کورد و نوێنەرانی ئۆپوزیسیۆنی ئێرانی لە سیاسەتەکانی ناوەندی هاوکاری و بزووتنەوەی مافخوازیی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و ڕوانگەی ناوەند لە سەر  سیستمی داهاتووی ئێران بە گوتارێکی یەکگرتووانە و ئامانجدار و ستراتیژییەکی هاوبەش ئەم کۆبوونەوانە بەڕێوە ببات. ناوەندی هاوکاری بڕیاری دا لەسەر ئەم بابەتە کاری زۆرتر و چڕوپڕتر بکرێت.

تەوەری سێهەمی ئەم دانیشتنه سەردانی هەیئەتێکی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی وەگەڕخستنی دیپلۆماسیی هاوبەش بوو و بڕیاری دا بۆ پێکهێنانی هەیئەتەکە و  چۆنیەتی کاری دیپلۆماسی ئامادەکاریی زۆرتر و شیاوتر بکات.

له تەوەریكی تردا چاوخشاندنێک کرا بەسەر کۆبوونەوە و کۆنفڕانسەکانی دەرەوەی وڵات کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بەڕێوە چوون. بڕیار درا لە هەر کۆبوونەوە و کۆنفڕانسێک کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانی ئێران و لە ئاراستەی سیاسەت و ستراتیژی ناوەند دابێت،پشتیوانی بکات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاویی
٣١ی ئوکتوبری ٢٠١٩ی زاینیی