کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: ڕێز دەگرین لە یادی ئازیزی هەموو گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨

18:36 - 25 خەزەڵوەر 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ پەیامیکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی ساڵێک بە سەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەرێ کە ناڕەزایەتییەکی دیاریکراوی ئابووریی بەخێرایی بوو بە بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەریی و کۆماری ئیسلامی تووشی تەنگەتاوییەکی جیددی کرد. سەر لەبەیانی ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر ١٣٩٨ی هەتاوی و لەکاتێکدا هەموو خەڵکی ئێران و بەتایبەت دانیشتوانی کوردستان لەگەڵ قەیرانێکی قووڵی ئابووریی چەندین ساڵە دەستەویەخە بوون، بڵاوبوونەوەی هەواڵی چوونەسەری نرخی بێنزین بە ڕێژەی سەرسووڕهێنەری لەسەداسەد کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دادەنا، بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەریی لە شارەکانی ئێران و خەڵکی وەزاڵەهاتوو بەتایبەت توێژی هەژار و کەمداهات و ژنان و لاوان بە قواستنەوەی ئەم دەرفەتە زۆربەی شارەکان و بە دیاریکراوی زیاتر لە ١٦٠ شاری گەورە و بچووکی ئێرانیان کردە گۆرەپانی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و ستەمکاری ئیسلامی.

لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، کاربەدەستانی ڕێژیم کە لەحاند چارەسەریی کێشەکە و بوونی وڵامێکی گونجاو ڕووبە جەماوەر دەستەوەستان بوون، بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ڕێگای بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و نیزامی و لیباس شەخسی و بە پەلامار و هێرشکردنە سەر خەڵکی ناڕازی حەولی سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و کپکردنی دەنگی ناڕازییەکانیان دا. بەڵام سیاسەتی زەبروزەنگی حکوومەت نەتەنیا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو ناڕەزایەتییەکان تەشەنەی سەند و ڕۆژی دواتر واتە ٢٥ی خەزەڵوەر شەپۆلی خرۆشاوی جەماوەری خەڵک لە شارەکانی کوردستان و باقی شارەکانی ئێران ئەم ناڕەزایەتییە بەرینەی کردە بزووتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەری لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بە ئاشکرا و بە شێوەیەکی ڕۆشن خەڵکی ناڕازی خوازیاری نەمانی کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمی دیکتاتۆریی ئێران بوون.

پانتایی بەرینی خۆپیشاندانەکان و ڕادیکاڵبوونەوەی دروشمەکان و ئامانجی ڕۆشنی بزووتنەوەکە و بەشداریی بەرچاو و کەم وێنەی چین وتوێژە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک کرێکاران، لاوان و ژنان، کارمەندان و کاسبکارانی بازاڕ، بە تەواوی مەترسیی لەناوچوون و لەبەریەک هەڵوەشانی سیستم و جوومگەکانی حکوومەتی خستە دڵی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم. هەر بۆیە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و بە کەڵکوەرگرتن لە ئیمکانات و ئامراز و شێوازی نوێی سەرکوت پەلاماری خۆپێشاندەرانیان دا و لە زۆربەی شارەکانی ئێران وکوردستان ڕیزەکانی جەماوەریان خەڵتانی خوێن کرد. بە سەدان کەس گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی یەکجار زۆر بریندار بوون و بە هەزاران کەس دەسبەسەر کران و بە پیلانگێری و بە دەستی تاقم و گرووپەکانی گوشار و گۆپاڵبەدەستەکانی سەر بە دامودەزگا ئەمنییەتیەکانی ڕێژیم، گەلێک شوێنی گشتی و ناوەندی خزمەتگوزاری و ئیدارە و ناوەندە مەدەنییەکان تاڵان کران و سووتێندران و، زەرەر و زیانی زۆری ماڵیان پێگەیشت و، قەرەبووکردنەوەی ئەم تاڵان و زەرەر و زیانەیان خستە ئەستۆی ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوەکان.

دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامی بەرامبەر بەو بزووتنەوە بەرینە جەماوەرییە بەڕادەیەک تووشی ترس و دڵەڕاوکێ ببوون کە لەسەر بڕیاری ڕاستەوخۆی خامنەیی و لە ڕێگای دەیان هەزار کەس هێزی سەرکوتکەری تەیار بە کەرەستەی پێشکەوتووی سەرکوت و داپڵۆسین هاتنە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەری ناڕازی دەست بەتاڵ و گۆڕەپانی شارە گەورە و بچووکەکانی ئێران وکوردستانیان کردە کوشتارگە و لە ڕێگای هەڵبڕینی هێڵەکانی ئێنتێرنێت و چاودێریی پۆلیسی بەسەر پێوەندییە گشتییەکانی خەڵک، لە هەوڵی کپکردن و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو سەرکوت و ناڕەزایەتیانەدا بوون، بەڵام سەرەڕای ئەو هەوڵەش لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بە ناردنەدەرەوەی گرتەی ڤیدیۆیی و هەواڵ و زانیاریی لەلایەن خەڵکەوە، کۆماری ئیسلامی لە نێو وڵاتانی دەرەوە و ناوەند و دامەزراوەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ تووشی ڕیسواییەکی کەم وێنە بوو.

ئەمڕۆ و لە ساڵیادی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەدا، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەلێک گرفت و قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماتیک ڕووبەڕوویە. لە ناوخۆ بارودۆخی داتەپیوی ئابووری و پەلوپۆخستنی مافیای دزی و گەندەڵی و ئیختلاسی ئابووری لەگەڵ زیادبوون و بەرتەسکبوونەوەی ئاڵقەی گەمارۆکانی ئامریکا و تەشەنەسەندنی ترسناکی پەتای کۆرۆنا و خاوبوونەوەی ڕەوتی بازاڕ، زۆر زیاتر لە جاران کۆمەڵگای ئێرانی تووشی قەیرانی ئابووریی کردووە و باری گوزەرانی خەڵک دژوارتر بووەتەوە.

پەراوێزکەوتنی سیاسی و ئابووریی ڕێژیم، دابەزینی نرخی نەوت و کۆنی ولەکارکەوتوویی بەشێک لە کەرەستەکانی هەڵێنجان و بەربەستە نێودەوڵەتییەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی ئێران، هاتنەخوارەوەی بەرچاوی بەهای تمەن، پەرەسەندنی بێکاری و داخران و ئیفلاسی یەک لە دوای یەکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، چوونەسەری ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی نرخی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە و بچووکبوونەوەی سفرەی خەڵک، دەستەوەستانی ڕێژیم لەحاند پێشکەشکردنی ئیمکانات و خزمەتگوزایی گشتی، پەککەوتنی ڕەوتی خوێندن و قوتابخانەکان، وڵامدەرەوە نەبوونی بەشی تەندرووستی و پەرەسەندنی گەندەڵی لەو بەشە و بەقاچاخ بردنی داودەرمان و پێداویستیی خەڵک، سەرهەڵدانی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان و بەرینبوونەوەی هەژاریی و پەرەسەندنی ترسناکی ئێعتیاد و لەشفرۆشی و داڕمانی بەها کۆمەڵایەتییەکان وهتد و، بوونی ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکان بەرامبەر بەو بارودۆخە نیشان دەدەن کە ئاخێزی جەماوەریی و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بەهێزی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو دانەمرکاوە و کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو لە ئەگەری دەرفەت و بواری گونجاو و لەباردا زۆر بەهێزتر لە ساڵی ڕابردوو دێتەوە مەیدان و ڕێژیمی ئیسلامی لەگەڵ مەترسی جیددی بەرەوڕوو دەکا. دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئیسلامی بە هەستکردن بەو ڕاستییە و لەگەڵ نزیکەبوونەوەی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانە پڕشکۆیەکانی جەماوەر، لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە لە حەولدان بە قواستنەوەی بارودۆخی شارەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پێشگرتن لە کۆڕوکۆبوونەوەی جەماوەریی و، بە خزاندنی هێزی چەکدار و میلیتاریزەکردنی شارەکان و دانانی خاڵی پشکنین و چاوەدێری وردی هاتوچۆی جەماوەر، پێش بە ئەگەری سەرهەڵدانی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک بگرن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە یەکەمین ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شکۆمەندانەی بزووتنەوەی جەماوەریی مانگی خەزەڵوەردا ڕێز دەگرێ لە یادی ئازیزی هەموو گیانبەختکردووانی ئەو بزووتنەوەیە و سڵاو دەنێرێ بۆ بنەماڵەی سەربەرزیان. ڕێز دەگرێ لە ئیرادە و خۆڕاگریی زیندانیان و دەسبەسەرکراوانی ئەو بزووتنەوەیە و وێڕای مەحکوومکردن و بە ڕەسمی نەناسینی هەر جۆرە سزایەک کە لە بێدادگاکانی ڕێژیم بەسەریاندا سەپێندراوە، بە هەموو تواناوە تێدەکۆشێ بۆ لەقاودانی سیاسەتی دژەمرۆیانەی ڕێژیم و دەستەبەرکردنی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و وەگەڕخستنی کەیسی ڕووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر و پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە لە هەموو توانا و ئیمکاناتی خۆی کەڵک وەرگرێ. لەم ساڵیادەدا کۆمەڵانی خەڵکی دەرفەت بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەدەن کە لەگەڵ دونیای دەرەوە سات و سەودا لە سەر مافەکانیان بکرێ. لەو پێناوەشدا وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی سێ ڕێکخراوی مەدەنی "پێکەوە لەدژی ئێعدام"، "دادپەروەری بۆ ئێران" و"مافی مرۆڤی ئێران" هاودەنگ لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ئەو ناڕەزایەتیانە و باقی قوربانییەکانی دەستی تێرۆر و تۆقاندنی ڕێژیمی ئیسلامی تێدەکۆشێ.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی

١٥ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی