کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: کردەوکانی ڕێژیمی ئێران ئێمە لە ئامانجی پیرۆزمان دوورناخاتەوە

10:58 - 14 رێبەندان 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەنیسبەت کردەوە و تەبلیغاتەکانی ڕێژیمی ئێران دژی حیزبە کوردییەکان بە تایبەتی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاری لە مەڕ پەلەقاژە تەبلیغییەکانی ئەو ماوەی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی

جەماوەری تێکۆشەر و خۆڕاگری کوردستان

لە ماوەی ڕابردوودا دامودەزگا ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک پڕۆپاگەندەی تێلێڤیزیۆنی بە دژی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان بە تایبەتی ڕێکخراوە کوردییەکانی کوردستانی ئێران کردووە، کە سەرانسەر پڕۆپاگەندەی پڕ و پووچ و بێبنەما و بە مەبەستی تێکدانی مێژووی پڕ لە شانازیی بەرەنگاریی میللەتی کورد و شکۆی حیزبەکانی بووە.

دیارە ئەم دیاردەیە بۆ جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نامۆ نییە و هەمووان بە تایبەتی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان شارەزایی تەواویان لە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتگەلە هەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی مەبەستی چەواشەکارانەی هەیە و دەیانهەوەی روخساری بەرحەق بوونی جووڵانەوەی کورد بشێوێنن. بەڵام دەبینین تا دێت ڕواڵەتی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی زیاتر بۆ خەڵکی ئێران بە گشتیی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی دەردەکەوێ. 

کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەموو هەوڵی خۆی داوە کە بە کەڵکوەرگرتن لە هەڵبەستنی درۆ و دەلەسە و بۆختان و شکاندنی کەسایەتییەکانی نێو بزووتنەوەی کورد، ڕواڵەتی ڕاستەقینەی خۆی بشارێتەوە و کەلێن بخاتە نێوان جەماوەری خەڵکی کوردستان و ئەحزابی کوردستانی ئێران بەڵام لەو کارەدا نەک سەرکەوتوو نەبوو بەڵکوو بە درێژایی ئەم مێژووە هەر دەم شکستی هێناوە.

هەر وەک باس کرا دەزگای تەبلیغات و ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی (صداوسیما) ئەو جارەش بە نیشاندانی ئەو بەرنامە تێلێڤیزیونییە لە ژێر ناوی (لبە دوم تیغ)بە قسەی خۆیان بە ئامانجی ڕۆشنگەری لە سەر حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەتایبەتی حیزبەکانی پێکهێنەری ناوەندەی هاوکاری بڵاو کردەوە بۆ ئەوەی گوایە خەڵکی کوردستان لە ڕاستیی ڕووداوەکان و ناخی حیزبەکان بگەێینن و بەخەڵکی کوردستان بڵێن ئەو حیزبانە ناتوانن جیگای ئومید وهیوا بن ، بەڵام خەڵکی کوردستان لەوە وریاتر و چاوکراوەترن کە بکەونە داوی ئەو جۆرە لە پڕۆپاگەندە لە دژی حیزبەکانی خۆیان، بەڵکوو بەپێچەوانەوە لە ماوەی ٤٢ساڵی ڕابردوودا بە هەموو ئەو پڕۆپاگاندانەی بە دژی  ئەحزابی  کوردستانی ئێران لەلایەن دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی کراوە، پێگەی ئەو حیزبانە لەنێو خەڵکی کوردستاندا هەروا بەهێز ماوەتەوە و هەموو کات لە پرسە نەتەوایەتی و نیشتمانییەکاندا لە پشتی حیزبەکانی خۆیان ڕاوەستاوەن.

هەموو لایەکمان بە ئاشکرا دەبینین کە جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بە رێبەری حیزبەکانی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردندایە و کۆماری ئیسلامی لە پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتی لە کوردستان بەتەواوی نیگران ودەستەوەستانە و لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەو نیزامە دیاردەی هەژاری، بێکاری، سەرکوت و ئەشکەنجە و ئێعدام، بێئێعتباری سیاسی و... لە بەرهەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی و ئەوە بەشی خەڵکی ئێران بووە.

 دەسەڵاتدارانێک کە بە مەبەستی گەندەڵیی زیاتر و  بە بەهانەی دژایەتی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا درێخی واکسەنی کرۆنا لە نەتەوەکانی ئێران دەکەن، ڕێژیمێک کە بە شاردنەوەی هەموو ڕاستییەکان لەوانە نەدانی زانیاری دروست لە سەر چۆنیەتی بەربوونەوەی تەیارەی ئۆکراینی لە سەر ئاسمانی تاران و گیانلەدەستدانی هەموو مۆسافیرانی، ڕێژیمێک کە بە درۆ و شاردنەوە لەسەر ئاماری گیانلەدەستداوان و تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنانەت لەسەر ژیانی خەڵکیش هەر درۆ و چەواشە دەکا، ڕێژیمێک کە هەر لەسەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی تێرۆر و تێرۆریزمی کردووەتە کەرەسەی مانەوەی خۆی و شەرعییەتی پێداوە،  ناتوانێت بەم جۆرە پڕۆپاگەندە نزمانە بەر چاوی خەڵک لێل بکات و بۆ مانەوەی خۆیان چارەنووس و ژیانی هەموو دانیشتوانی ئێران بکەنە قەڵغانی پاراستنی خۆیان.

لە بەرەبەری بڵاوبوونەوەی ئەو دێکۆمێنتارە لە دەنگورەنگی ئێران،  دەزگاکانی ئیتلاعاتی کوماری ئیسلامی شاڵاویکی بەربەرینیان بۆ گرتن، ئێعدام و ڕاوودوونانی تێکۆشەرانی کۆمەڵگای مەدەنی، لە بەشە جۆراوجۆرەکان ئێران بە گشتی و کوردستان، بەلووچستان و ئەهواز بە تایبەتی وەڕێخستوە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران گرتنی کۆمەڵێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و بڵاوبوونەوەی ئەم پڕۆپاگەندانە لە یەک ئاراستەدا دەبینێ و خەڵکی کوردستان و ئێران وشیار دەکەینەوە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ داپۆشینی سات و سەودای نوێیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی دەستی داوەتە سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران بە تایبەتی خەڵکی مافخوراوی کوردستانی ئێران.

بەو مەبەستە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا ئێمە لە ئامانجی پیرۆزمان دوورناخاتەوە بگرە خۆشەویستی حیزبە جەماوەرییەکانی کوردستان لە دڵی خەڵکی کورد زیاتر دەکات و لە هەمان کاتیشدا ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ئێمە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی باسمان لێ کردووە، ئەویش ئەوەیە کە تا کۆماری ئیسلامی و دەست پێوەندەکانی لە ئێران لە دەسەڵات دا بن نە ئێران ڕووی ئازادی و بەختەوەری بە خۆیەوە و دەبینێ و نە ناوچەکەش ئاسوودەیی و ئارامی.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی