کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: کردەوە تێرۆریستییەکەی عەفرین مەحکووم دەکەین

10:57 - 11 بانەمەڕ 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیانییەیەکدا کردەوەی تێرۆریستیی عەفرینی مەحکووم کرد و لە هەمانکاتدا داوای لە کۆمەڵگەی جیهانیی کرد نابێ کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا کە ڕۆڵی سەرەکی لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعشدا هەبووە ببنە قوربانیی کارەساتی تێرۆریستی.

دەقی بەیانەکە بەم چەشنەیه:

ڕوانگەی سووریە بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە تەقینەوەکەی ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی ئاوریل لەنێو شاری عەفرین بووەتە هۆی کوژرانی ٥٣ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٧٦کەسی دیکه.

وەک لە وردەکاریی ئەم ڕووداوە دەردەکەوێ تەقینەوەکە کە بەهۆی تانکەرێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووە، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە و بەشی زۆری کوژراوان و بریندارانی ئەم کردەوە تێرۆریستییە سووتاون و بەهۆی سەختیی برینی زۆر لە بریندارەکان وێدەچێ ژمارەی کوژراوانی ئەم ڕووداوە سامناکە بەرەو سەرتر بچێ.

ئەم کردەوە تێرۆریستییە خەڵکی مەدەنیی شاری عەفرینی کردووەتە ئامانج، خەڵکێکی سڤیل لە ناوچەیەکی شەڕلێدراو کە دوای داگیرکردنی شارەکەیان لەلایەن حکوومەتی تورکیەوە ئامادە نەبوون زێد و نیشتمان و شوێنی ژیانی خۆیان چۆڵ بکەن.

لە سەرەداوەکانی ئەم ڕووداوەش دەردەکەوێ کە مەبەستی سەرەکیی گرووپ و لایەنە تێرۆریستییەکان لەو تەقینەوەیە هەڕەشە بۆ سەر دانیشتووانی عەفرین بووە، بۆ ئەوەی ئەو کوردانەی هەتا ئێستاش سەرەڕای هەموو گوشارەکان خۆڕاگرییان کردووە، دەست لە ژیان و ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵبگرن و ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم کردەوە تێرۆریستییەی سەر شاری عەفرین بە توندی مەحکووم دەکا و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ خوشک و براکانمان لە ڕۆژاوای کوردستان، هاوکات داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی دژ بە تێرۆر دەکا کە بە هەستیارییەوە لەو بابەتە بڕوانن و پێش بەم دەستدرێژییانە و ڕوودانی کارەساتی ئینسانیی لەم چەشنە بگرن.

بێگومان نه ماف و ئازادییه‌کانی گه‌لی کورد له سووریه و نه پێوه‌ره ئینسانی و شارستانی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ڕێگە دەدەن، خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان کە ڕۆڵی سەرەکی و بنەڕەتییان لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش لە سورییە بووە، ببنە قوربانیی توندوتیژی و تێرۆر و کارەساتی لەم‌جۆرە. بۆیە وێڕای مەحکووم‌کردنەوەی ئەو کردەوە تێرۆریستییە داوا لە وڵاتان و لایەنە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی دژ بە تێرۆر دەکەین لەو پێوەندییەدا هەنگاوی جیدی و بەرپرسانە بنێن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢٠ی زایینی

١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ی کوردی