ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ئاستی بەرپرسانی یەکەمی حیزبەکان و هەیئەتەکانی ناوەند، کۆبوونەوەیەکیان بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە برد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاری لە سەر بابەتەکانی کۆبوونەوەکەدا چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.
"هیجری" لەسەر ئەو ئەرکانەی کە ئێستا دەکەوێتە سەر شانی ناوەندی هاوکاری لە بارودۆخی سیاسی و هەنووکەیی ئێران و هەروەها بزووتنەوە جەماوەری و ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵک لە بەرانبەر ڕێژیم بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکان و ئاستی خزمەتگوزاریی وڵامدەر و هاتنە سەر شەقامەکانی خەڵک لە پارێزگای "خوزستان" کە چەندین شاری دیکەی ئێرانیشی گرتەوە، لێکدانەوەیەکی پێشکەش کرد.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بەشداربووان ڕا و بۆچوون و تێبینییەکانی خۆیان باس کرد و زیاترجەختیان لەسەر بابەتە سیاسییەکان کرد کە بۆ هاوکاری و هاوخەباتی لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا پێویستە.
ناوەندی هاوکاری پشتیوانی لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێران کرد و وەک ئەرکێکی هەنووکەیی جەختی لەسەر کردەوە و بە پێویستی دەزانێت لەگەڵ خەباتگێڕانی نەتەوەکانی دیکە و دێموکراسیخوازانی ئێرانی بە گشتی هاوئاهەنگی و هەماهەنگی زیاتر بۆ بەرینترکردن و پەلهاویشتنی ناڕەزایەتییەکان بکرێت.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەندێک بابەت و بڕگەی تایبەت بە کاروباری ناوەند خرایە بەر باس و ناوەند لەو بارەوە بڕیاری پێویستی دایەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی