کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ئاستی بەرپرسانی یەکەم کۆ بوونەوە

10:22 - 9 رێبەندان 2719

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان، کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ئاستی بەرپرسانی یەکەم و باڵای حیزبەکان پێک هات.

دەستپێکی کۆبوونەوە بەخێرهاتنی هاوڕێیانی بەشدار لەلایەن "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاری بوو، پاشان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی قوربانییانی بوومەلەرزەی کوردستانی باکوور و هەموو شەهیدانی کوردستان خولەکێک بە بێدەنگی بە پێوە ڕاوەستانی ڕاگەیاند.

بە دوای ئەوەدا دەستووری کاری کۆبوونەوەی خستە بەر نەزەری هاوڕێیانی بەشدار لە کۆبوونەوە و پاش پەسەندکردنی، یەکەم بڕگەی کۆبوونەوەکە ئاوڕدانەوە و هەڵسەنگاندنێک بوو بۆ کار و پێوەندییەکانی ناوەند لە ئاستی نێونەتەوەیی و پێوەندی بە پرسی کورد لە کوردستانی ئێران. دوای تاوتوێکردنی ئەم بابەتە، کۆبوونەوە هەنگاوەکانی ناوەندی بەرز نرخاند و کۆمەڵێک ڕاسپاردە و بڕیاری بۆ بە ئاکام گەیشتنی بەرنامەی کاریی ناوەند بو هاوڕێیانی هەیئەتی دیاریکراو سپارد.

بڕگەیەکی دیکە، کاری ناوەند باس لەسەر ڕەوشی سیاسیی ڕێژیمی ئێران و ئەو قەیرانانەی بوو کە هەموو جۆمگەکانی سیستم و دەسەڵاتی ڕێژیمی گرتووەتەوە و ڕێژیمی لە هەموو بوارێکەوە تووشی داماوی و پەراوێزخستنەوە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە، لەم پێوەندییەدا باسێکی چڕوپڕ کرا و دوای ئەو باسە هەمەلایەنە و هەستیاربوونی ڕەوشی ئێران و کوردستانی ئێران و هەستی نیشتمانپەروری و مافخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە لە خۆپیشاندانی چەند مانگی ڕابردوو ئیرادەی خەباتگێڕیی خۆیانیان لە بەرانبەر سیاسەتی زەبروزەنگی ڕێژیم نیشان دا، بەو راپەڕینە جەماوەری و بوێرانەیە سەلماندیان کە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە بەرانبەر دیکتاتۆری و کۆنەپەرەستیدا لە خەبات و بەرخۆدانیان تا گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانیان لە خەباتدان.

کۆبوونەوە وێڕای بەرزنرخاندنی ئەم خەباتە پڕلە شانازییەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران لەسەر بەرینت کردنی ئەم خەباتە جەماوەرییە و چالاکترکردنی ناوەندی هاوکاری لە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات، بەتایبەت سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و کوردستانی، بڕیاری دا لێژنەکانی ناوەندی هاوکاری چالاکتر هەنگاوی بۆ هەڵبگرن.

هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی هەیئەتەکانی ئەرکدار کرد لە بواری کاری هاوبەشی ڕێکخراوەیی و گرینگیدان بە خەباتی مەدەنی و پێشمەرگایەتی و ڕاگەیاندن، گرینگیی تەواو بدەن و لە بواری کردەییدا بەرنامەی ناوەندی هاوکاری بە ئەنجام بگەیەنن.

لە کۆتاییدا کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای ناوەندی هاوکاری لە کەشێکی دوستانە و دوای چەندین کاتژمێر، کۆتایی بە کارەکانی هێنا و "مستەفا هیجری" سپاسی بەشداریی هاوڕێیانی کرد.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨

٢٨ی ژانویە ٢٠٢٠