کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢١ی فێڤرییە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

11:13 - 3 رەشەمه 2720

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ٢١ی فێڤرییە ئەو ڕۆژەی لە سەرجەم خەمخۆرانی زمانی نەتەوەیی و مامۆستایانی دەروەست و فێرخوزانی تینووی زمان و شوناسی نەتەوەیی پیرۆزبایی کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک

کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان!

ناوەند و ڕێکخراوە فەرهەنگییەکان !

مامۆستایانی نیشتمانپەروەر و سەرجەم خەڵکی کوردپەروەری کوردستان!

 سەرەتا بەبۆنەی ڕۆژی جێهانیی زمانی دایک ئەو بۆنە فەرهەنگی و گرینگە جیهانییە لە سەرجەم خەمخۆرانی زمانی نەتەوەیی و مامۆستایانی دەروەست و فێرخوزانی تینووی زمان و شوناسی نەتەوەیی پیرۆزبایی دەڵێین.

وەکوو ئاگادارن مەبەست لە دیاریکردنی ڕۆژە جیهانییەکان لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە  وەبیرهێنانەوەو گرینگی‌‌دان و ئاوڕدانەوەیەکی  ڕژد و جییدییە لەو پرسە گرینگانە و یەکێک لەوانیش کە ٢ی ڕەشەمەی بۆ دەست‌نیشان کراوە  ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک-ەو هەربۆیەوە ئەمساڵیش بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە ڕووبەخەڵکی مافویستی کوردستان پەیامێکمان هەبێ و پێکەوە ئەویادە پیرۆزە بەرزڕابگرن.

ئەمساڵ لە کاتێک‌دا  پێشوازی لەو بۆنە دەکەین کە لە ڕەشبگیرییەکانی وەرزی زستانی ٩٩ی هەتاوی چەند کەس لە مامۆستایانی فێرگەکوردییەکان دەستبەسەر و چارەنووسیان ناڕوونە و هەروەها یەکێک لە کچانی ئازای نیشتمان تەنیا بە تاوانی فێرکردنی زمانی دایک کە مافێکی دانپێنراو و پەسندکراوە و  لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بە توندی سزا دراوە.

کەتمانکردن و پێشێلکردنی زمانی دایک لە سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ زمانی کوردی ناگەڕێتەوە و  گەلانی دیکەی نێو جوغرافیای ئێران وەکو بەلووچ و عەرەب و ئازەری و لۆڕ و تورکەمەن و... لەو مافەدا بێبەش و چەوساوەنەتەوە.

 حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هەموو کات هەوڵیداوە بە سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی و جێنسیەتی لە پرۆسەی خوێندن و خۆپێگەیاندن قوتابییان دوور بخاتەوە.

 بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی خەڵکی خۆڕاگر لە چوار دەیەی ڕابردوودا پێچەوانەی هەوڵەکانی ڕێژیم بووە و ئەم ئاواتەی ڕێژیم کە ئاسمیلەکردن و تواندنەوەی گەلان دیکە لە فەرهەنگ و زمانی زاڵ واتە فارسییە پووچەڵ کراوەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ  بەتایبەتی لە کوردستان شاهیدی سەرهەڵدان و گەشەی زمانی دایک و ویستە نەتەوەییەکانین لەو بارەوە و نموونەکەشی ئەوەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو خەڵکی کوردستان بەتایبەتی ژنان و کچان و دایکانی دڵسۆز و چاونەترسی کورد بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆ و ئامادەکردنی پەیام  باسیان لەوە کردووە  کە "خوێندن و نووسین بە زمانی دایک  ئەگەر تاوان بێ! ئەوە ئێمەش  تاوانبارین و بەتاوانی پیرۆز".

پاڕاستن و پشتیوانیکردن لە پرسی زمانی دایک لە کاتێکدایە  کە  بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، هەر کەسێک ئەو مافەی هەیە بە زمانی خۆی بخوێنێت و بنووسێت و بە زمانی خۆی پرۆسەی پەروەردە تێپەڕێنی، بەڵام مناڵانی کورد و نەتەوەکانی‌دیکەی  ئێران لەم مافە بێبەرین. تەنانەت ڕێژیم ئامادە نییە ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی وڵاتەکەی جێبەجێ بکات. هەر چەند ئەم ماددەیە بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی ئینسان، دەرخەری پێشێلکردنی مافە کەلتوورییەکانی نەتەوەکانە لە ئێران.

لە ئێران تەنیا زمانی فارسی بە فەرمی ناسراوە و باقی نەتەوەكانی دیكە جگە لە (فارسە)كان لە مافی خوێندن و چالاكی كولتووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بە زمانی دایك نە تەنیا بێ بەش كراون، بەڵكوو هەر جۆر چالاكییەك بۆ ئازادی زمانی دایك بە تاوان بە ئەژمار دێت و زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی پڕن لەو كەسانەی تەنیا تاوانیان هەوڵ بۆ بەرگری لە زمانی دایك و كولتووری خۆیان بووە.

 ئێستاكە یەكێك لە كێشە كۆمەڵایەتییەكانی نیزامی پەروەردە و راهێنانی ئێران دیاردەی دواكەوتن لە خوێندن و برینی قۆناغەكانی خوێندنە، بە پێی ئامارەكان زۆرترین رێژەی دواكەوتنی خوێندن لە ئێران لەو ناوچانەیە كە زمانی دایكی ئەوان زمانی فارسی نییە و هەر لە سەرەتای منداڵی ناچار دەكرێن ئەلفوبێی ئەوان فێر بن(فارسی) و لە ئاکامدا  ئەم گرفتە ساڵانە بە هەزاران منداڵ واز لە خوێندن دێنن.

خوێندن و نووسین بە زمانی دایک مافێکی ڕەوای هەموو کەسە سەر بە هەر نەتەوەییەکی جیاواز و شارەزایانی پەروەردە بەردەوام باس لە گرینگی خوێندن دەکەنەوە بە زمانی دایک، بەڵام خوێندکاران و قوتابیانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی  ئێران لەم مافە سەرەتاییە بێبەرین . سەرەڕای هەموو هەوڵەکان تا ئێستە ڕێژیم ئامادە نەبووە بە شێوەی شایستە وەڵامی خواستی خەڵک بداتەوەو ئەو دەرفەتە بچووکانەش کە کراوەتەوە ، تەنیا بە تێچووی خەڵکی خۆڕسک و خەمخۆر بووەو جێی پەنجەشیان سەرەڕای کۆسپ وتەگەرەکان لەسەر پرسی گەشەی زمانی دایک لە کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ  ناوچەکانی دیکەی نێو ئێران دیارو زیندووترە.

چەندین ساڵە ڕێژیم بە هەموو تواناکانییەوە هەموو کات هەوڵی بە پەراوێزخستنی هێزی کۆمەڵگا دەدا. ئەرکی مامۆستایان و وانەبێژانی زمانی کوردییە لە سەرانسەریی کوردستان کە لەگەڵ جێبەجێ کردنی ئەرکی راهێنان و پەروەردە کردن و خوێندنی بە زمانی دایک ، خۆیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان ئامادە بکەن. بە پەروەردە کردن و بە ڕێکخراو بوون شکست بە سیاسەتی دژە زانستی ڕێژیم ببهێندرێرێ، واتە ئەو سیاسەتەی کە دەیهەوێت هێزی ئێوە پرش و بڵاو بێت.

بە پێی پەسەندکراوی یوونسکۆ مافی خوێندن بە زمانی نەتەوەکان مافێکی سروشتییەو پێویستە کاری بۆ بکرێت و حکوومەت و دەوڵەتەکانیش لەسەریانە هەموو ئامادەکارییەک بکەن بۆ خوێندن و کارکردن بە زمانی دایک.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران  وێڕای جەختکردنەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجمان لە داهاتوودا بە شێوەیەکی دیمۆکراتیکی فێدراڵ ئەتوانین پێکەوە بژین کە هەر نەتەوەو مافی ئەوەی هەبێت بە زمانی خۆی بخوێنێت و بنووسێت و کار بکات و هەروەها  لەسەر پشتیوانی کردنی کۆڕوکۆمەڵی قوتابییان، خوێندکاران و مامۆستایان بۆ گەێشتن بە خواستەکانیان، هەموو هەوڵە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم  لە سەر ئەو توێژانە مەحکووم دەکەین و هیواخوازین خۆری ڕووناکی بەخشی زانست بە سەر تاریکی جەهل و  دیکتاتۆری‌دا  سەرکەوێ.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران

٢١ی فێڤرییەی ٢٠٢١ی زایینی

٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی