کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

12:27 - 18 رەشەمه 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی گەشەی دێموکراسی و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگای مرۆیی، پێگەی ژنان هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیوە و تا دێت ژنان پتر جێ پێی  خۆیان قایمتر دەکەن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتکاری کورد!

هاونیشتمانییانی خۆشەویست!

ژنان و پیاوانی مافخواز!

بە درێژایی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە کە ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانیی ژن ناسراوە و لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان ئەو ڕۆژە بەرز دەنرخێندرێت و ڕێزی لێ دەگیردرێت. لەو ڕۆژەدا جارێکی تر پێداگری لەسەر مافی بەرانبەری ژن و پیاو دەکرێتەوە و ئەو ڕاستییە چەندپاتە دەکرێتەوە کە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت ئازادی و دێموکراسیی ڕاستەقینە بە خۆیەوە ببینێت ئەگەر مافی  نیوەی دانیشتووانی خۆی لەبەرچاو نەگرێت.

لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی گەشەی دێموکراسی و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگای بەشەری پێگەی ژنان هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیوە و تا دێت ژنان پتر جێ پێی خۆیان قایمتر دەکەن. دیارە ئەمە تەنیا هەنگاوێکی کورتە کە هەڵگیڕاوەتەوە و ئەو مافە ڕەوایانە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لە زۆربەی وڵاتانی دنیا هەر بە ئاشکرا پێشێل دەکرێت، ڕوانینی نەریتخوازانەی پیاوان و تەنانەت بەشێکیش لە ژنانیش بەربەستێکی گەورە بووە لە بەرپێی بەرەوپێشچوونی دۆخی ژنان لەسەر ئاستی جیهانیدا.

کەم نین ئەو ژن و پیاوە ئازادیخوازانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە باوەڕمەندبوون بە مافی ژنان و هەوڵ و تێکۆشانی زۆر، خزمەتی گەورەیان بە وەدیهاتنی ئەم دەسکەوتانەی هەتا ئێستاش کردووە و تا دێت لە سەردەمی نوێدا بەرەنگاری و دژایەتی لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی ژنان بۆ بەرهەڵستکارانی قورستر و دژوارتر دەبێتەوە. لە کەس شاراوە نییە کە مافی ژنان لە وڵاتانی پێشکەوتوو و یاسامەنددا زۆربەی هەرە زۆری لەمپەرەکانی وەپاش ناوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژنانی خاوەن دەسەڵات و جێگە و پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی ڕوو لە هەڵکشانە بەڵام، لەو وڵاتانەی کە دێموکراسی نەیتوانی جێ بگرێت ئەم مافانەش پێشێل دەکرێت و گەشەی نەکردووە و لەبەرچاو نەگیراون.

بەداخەوە لە ئێران و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیش هەتا ئێستا ئەو مافانە بایەخی زۆر کەمیان پێدراوە و ئەو ئاستەش لە پێشکەوتن کە هەیە دەسکەوتی ژنان و پیاوانی مافخواز و باوەڕمەند بە ئازادی و بەرابەریی ژن و پیاوە. لەژێر سێبەری ئەو دەسەڵاتە ئایینییە تا سەر ئێسقان دواکەوتوو و کۆنەپەرستەی کۆماری ئیسلامیدا و بەپێی یاسای دژە مرۆییانەی کە دایانمەزراندووە، ژن هەتا ئێستاش بە نیوەی پیاو دێتە ئەژمار و وەک ئامرازێک بۆ ژیانی ئاسوودەتری پیاوان چاوی لێ دەکرێت و ژنانی لە هەموو مافەکانی بێبەش کردووە.

ئەگەر چاوێک بە مێژووی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بخشێنینەوە دەبینین کە هەزاران و بگرە ملیۆنان مرۆڤی ئازادیخواز لەم ماوەیەدا لێبڕاوانە خەباتیان بە وەدیهاتنی ئازادی و دێموکراسی لە ئێران کردووە کە مافی ژنان بەشی جیانەکراوەیەتی.

بۆ وەدیهاتنی ئەو ئامانجانە قوربانیی زۆری بۆ دراوە، کۆت و بەند و زنجیری بۆ تەحەمول کراوە و سەختیی زۆری لە پێناودا کێشراوە بەڵام هەتا ئێستاش ئەم خەباتە بەردەوامە. ژنان و کچانی کوردیش وەک سیمبولی بەرەنگاری بەرانبەر بە زوڵم و زۆر و نەریتخوازی هەردەم پێشڕەو بوون و شان بە شانی پیاوان سەنگەری پێشمەرگانەیان بۆ بەرگری و خەبات ئاوەدان ڕاگرتووە و بوونەتە جێگەی شانازی و سەربڵیندیی نەتەوەی کورد و لە هیچ تێکۆشانێک درێخییان نەکردووە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە بە باوەڕمەندبوون بە مافی یەکسانی و دادپەروەری بۆ ژنانی کۆمەڵگای ئێران، داوا دەکات کە ژنان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی دژەژنی کۆماری ئیسلامی وەک چۆن تا ئێستا پێشەنگ بوون، لە داهاتووشدا لە مەیدانی خەباتدا پێشڕەوی شەڕەکان بن.

بەرز و بەڕێز بێت ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژن

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی

٨ی مارسی ٢٠٢١ زایینی