کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی مەحکووم کرد

12:11 - 22 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

ناوەند و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ!

تێکۆشەرانی دێرین، دۆستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و لایەنە سیاسیەکان!

هەروەک ئاگادارن، لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی پووشپەڕدا (١٠ و ١١ی ژووئیە)، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای تۆپخانە و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، هێرشێکی کوێرانە و بەربڵاوی کردووەتە سەر ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ئاکامی ئەم هێرش و بۆردومانانەدا کە ئامانجیان گورزوەشاندن لە بنکە و بارەگا سنوورییەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بووە، لە لایەکەوە پانتایەکی بەرین لە ڕەز و باخ و پاوانی دانیشتووانی گوندە سنووریەکان سووتاون و ژمارەیەکی زۆر لە ڕەوەند و هەوارچییەکانی باشووری کوردستان ئاوارە بوون و لە لایەکی ترەوە زۆر بەداخەوە کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی "زەیتوون قادر" گیانی لەدەست داوە و ژمارەیەک هاووڵاتی و سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە بریندار بوون.

ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی ئەو سەرەڕۆیی و ملهۆڕییەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، سەرەخۆشی و هاودەردیی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی "زەیتوون قادر" دەردەبڕین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. لە هەمان کاتدا وێڕای مەحکوومکردنی سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری هەرێم و پێشێلکردنی سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان، ترس و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامی و نانەوەی ئاژاوە و دڵەراوکێ لەنێو دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان، خوازیاری ئەوەین هەموو توانای خۆتان بۆ ڕیسواکردن و لەقاودانی سیاسەتی سەرەڕۆیانە و نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان بخەنەگەڕ و لە ڕێگای جۆراجۆرەوە ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم و ڕیسوا بکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢١ی پووشپەری ١٣٩٨ی هەتاوی

١٢ی جوولای ٢٠١٩