کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: رێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی هیچکات نەیتوانیوە و ناتوانێ بزووتنەوەی کوردستان بە چۆکدا بێنێ

23:30 - 23 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری هاتنی ٢٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەدژی سیستمی سەرەڕۆی پاشایەتی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

راگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی رێبەندان

خەڵکی خۆڕاگر و خاوەن هەڵوێستی کوردستان

گەلانی ژێرستەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران

چل ساڵ لەوە پێش و لە رۆژی ٢٢ی رێبەندانی١٣٥٧ی هەتاویدا شۆڕشی پڕشکۆی گەلانی ئێران بە سەر دەسەڵاتی ستەمکارانەی رێژیمی پاشایەتی پەهلەویدا سەرکەوت. ئەو شۆڕشە گەورەیە کە بە خوێن و قوربانیی هەزاران کەس لە رۆڵەکانی ئەو وڵاتە سەرکەوتبوو هەر زوو لە لایەن خومەینی و لایەنگرەکانییەوە دەستی بە سەردا گیرا و لەم چل ساڵەدا بە سەپاندنی رێژیمێکی دواکەوتووانەی مەزهەبی وڵاتی ئێرانیان بە ئاقارێکدا برد کە هاوشێوەی مەگەر لە دەسەڵاتی سەدەکانی ناوەڕاست و جینایەتەکانی ئەم چەند ساڵەی داعشدا دیترابێ.

رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای کارەوە بە مەبەستی قایمکردنی دەسەڵاتی خۆی بە سەپاندنی دۆخێکی ئەمنیەتی بە سەر ئێراندا دەستی دایە گرتن و کوشتن و تیرۆر و ئێعدامی ئەندامانی ئەو هێز و لایەنانەی کە وەکوو ئەوان بیریان نەدەکردەوە و لەهەمان کاتدا بۆ سەپاندنی زیاتری دەسەڵاتی خۆی تەنانەت دەستی لە کوشتن و ئێعدامی خەڵکی ئاسایی نەپاراست.

بە چاوخشاندنێکی سەرەپێیی بە سەر کارنامەی چل ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ئێران بەروونی دەردەکەوێ کە ئەم رێژیمە هەر لە سەرەتاوە بە کۆکوژی، داگیرکاری ماڵ و سامانی کاربەدەستانی پێشوو و تەنانەت خەڵکی ناڕازی دواتر هێرش بۆ سەر کوردستان و باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و درێژەدانی شەڕی وێرانکارانەی ئێران و عێراق کە هەشت ساڵی خایاند وهەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکان وسەرکوتی جیابیران و موخالیفان بە توندترین شێوە، زۆرترین خەساری بە گەلانی ئێران گەیاند.

گەلی کورد کە هاوشانی گەلانی دیکە و ئازادیخوازانی ئێران لە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەدا رۆڵی بەرچاوی هەبوو، چاوەڕێی ئەوە بوون کە پاش نەمانی دەسەڵاتی پەهلەوی بە مافەکانی خۆی بگا، بەڵام رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی تاران داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانی بە پەلاماری هەمەچەشن و کۆمەڵکوژی و بۆمبارانی شار و وێران کردنی گوندەکانی کوردستان وڵام دایەوە. رێژیمی ئیسلامیی تاران لە سەرەتاوە بە فەرمانی خومەینی سەرەڕای هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی رێبەرانی کورد ئاوری شەڕێکی ماڵوێرانکەری لە کوردستان داگریساند کە هەموو بوارەکانی سیاسی، نیزامی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی گرتەوە و هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە.

لە بواری سیاسیدا لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە داخوازییەکانی گەلی کورد هیچکات وڵامێکی ئەرێنیی پێ نەدرایەوە و بەسەپاندنی دۆخێکی پادگانی بە سەر کوردستاندا بە درێژایی ئەم چل ساڵە لە هەوڵی کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازی لە کوردستاندا بەردەوام بووە، بەڵام ئەم رێژیمە سەرەڕای هەموو ئەو گرتن و ئێعدام و تیرۆرە و کۆمەڵکوژییەی کە لە کوردستاندا کردوویەتی هیچکات نەیتوانیوە بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی کوردستان لە ناوببات. هەر بۆیە جێی خۆیەتی لەم کاتەدا وێڕای رێز، سڵاو بنێرین بۆ خەباتی نەپساوە و کۆڵنەدەرانەی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی سیاسی ئەم گەلە کە سەرەڕای قوربانی زۆر و تێچووی قورس هێشتا هەر لە سەر خەباتی خۆیان تا گەیشتن بە مافەکانیان پێداگرن.

خەڵکی خاوەن هەڵوێستی کوردستان، بێ گومان وەک باس کرا رێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی سەرەڕای زاڵ کردنی ئەو دۆخە ئەمنیەتی و پادگانییە بە سەر کوردستاندا هیچکات نەیتوانیوە و ناتوانێ لەو رێگایەوە بزووتنەوەی کوردستان بە چۆکدا بێنێ و تووشی شکستی بکات بەڵام لە هەندێ رێگای دیکەوە لە هەوڵە دزێوەکانی خۆی بەردەوامە کە دەبێ هەموو چین و توێژەکانی کوردستان زۆر بە وریاییەوە رووبەڕووی ببنەوە.

یەکێک لەو رێگا دزێوانە، کە لەم دواییانەدا پتر بەرجەستە بۆتەوە دەست بردنی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئەو رێژیمە بۆ تێکدان و گۆڕینی دێموگرافیای کوردستانە. بە جۆرێک کە کۆماری ئیسلامی جگە لە جێگیرکردنی دەستوپێوەندییەکانی خۆی لە ناوەندە نیزامی و ئینتزامییەکان بە هێنان و ئاسانکاری و دانی ئیمتیازی جۆربەجۆر هانی خەڵکی غەیرە کورد دەدا کە بە هاتنیان بۆ کوردستان موڵک و زەوی و زاری کوردەکان بکڕن و لەوێ نیشتەجێ ببن، هەر بۆیە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان هەر وەکی لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا بە خۆڕاگری توانیوتانە بە گژ پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بچنەوە و پوچەڵیان بکەنەوە چاوەڕوانی ئەوەمان هەیە بە یەکگرتوویی وتەبایی، پیلانی ئەوجارەی رێژیم بکەنە بڵقی سەرئاو و ئیزن مەدەن لەژێر ناو وعینوانی جۆراجۆردا دێموگرافی کوردستان بگۆڕێ، داوا لە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین بە هیچ شێوەیەک ماڵ و مڵک و زەوی و زاری خۆیان بە خەڵکی غەیرە کورد نەفرۆشن.

هاونیشتمانیانی بەڕێز هەروەک ئاگادارن رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە گرتنەبەری سیاسەتی تێکدەرانەی خۆی و بەتایبەت دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر رووی دزێوی بۆ وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی دەوڵەتانی خاوەن بڕیار دەرکەوتووە، هەر بۆیە رێژیمێکی وەها ناتوانێ بەو شێوەیە درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی بدا و پێویستە خەڵکی کوردستان هەروا خۆڕاگرانە و بە یەکگرتوویی هەرچی زیاترەوە تا گەیشتن بە مافەکانیان درێژە بە خەباتی خۆیان بە دژی کۆماری ئیسلامی بدەن ولە هەموو هەل وفورسەتی بەردەست کەڵک وەربگرن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی کورد و لە هەلومەرجی ئیستادا کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە ئاقاری چارەنوسێکی نادیاردا دەڕوا، داوا لەو کەسانە دەکەین کە بە هەر جۆرێک ولە ژێر هەر ناوێک فریوی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی دوژمنیان خواردووە و دژ بە بزووتنەوەی کوردستان هەڵسوکەوتیان کردووە، واز لەو کارە بێنن و بگەڕێنەوە ناو ریزەکانی خەڵکی کوردستان .

سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی حەقخوازانەی کوردستان

یەکگرتوو و بەرفراوان بێ خەبات و بەرخۆدان

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٢ی رێبەندانی ١٣٩٧