کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی پێشوازیی پڕ شکۆی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بانگەوازی مانگرتنی گشتی، لە پەیامێکدا سپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی خەڵکی تێکۆشەرمان کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەپێی ئەو هەواڵ و دێکۆمێنتانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەر لە ورمێ و شنۆ، پیرانشار، مەهاباد و سەردەشت و بۆکان و سەقزەوە هەتا دەگاتە بانە، سەوڵاوا، سنە، پاوە، مەریوان و کرماشان و سەرپێلی زەهاو و کەنگاوەر پێمان گەیشتوون و بڵاوبوونەوە، ڕۆژهەڵاتی سەربەرز و شۆڕشگێڕ ئەمڕۆ بەپیر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چالاکانی مەدەنیی کوردستانەوە هاتوون و بە مانگرتنی گشتی و داخستنی دوکان و بازاڕ، وێڕای مەحکوومکردنی تاوانەکانی ئێعدامی سێ بەندکراوی سیاسی کوردستان و پەلاماری مووشەکی و پیلانی تیرۆریستی بۆ سەر هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی هەرێمی کوردستاندا، جارێکی دیکە یەکگرتووانە، جینایەتەکانی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە حەقخوازانەکەیان مەحکووم و ڕیسوا کردەوە و هاوکات پشتیوانی و پشتگیریی خۆیان بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردوەتەوە.
کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئەو هەڵوێستە سیاسییە مانادارەی ئێوە سەلماندی کە جینایەتە سیستماتیک و پیلان بۆ داڕێژراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی چڵ ساڵی ڕابردوو بۆ دابڕاندنی جەماوەری کوردستان لە سەرکردایەتی سیاسیی بزووتنەوە ڕەواکەیان، ناسەرکەوتوو و پووچەڵ بووە . هەڵوێستی جێی شانازیی ئەمڕۆتان جارێکی دیکە دەریخستەوە کە گرتن، ئەشکەنجە ، ئێعدام و سێدارە، تێرۆر، تۆپباران و مووشەکباران، چەواشەکاری و زەخت و گوشار و هەڕەشە و سەرکوت، ناتوانن ئیرادەی گەلی کورد بۆ درێژەدانی خەبات و تێکۆشان لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەوا و سەرەتاییەکانی خۆیان تێک بشکێنن.
خەڵکی وشیاری کوردستانی ڕۆژهەڵات!
ئێوە بەو مانگرتنە گشتییە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، بە دۆست و دوژمنتان سەلماند کە ئێمە هەموومان وەک پەیکەرەیەکی یەکگرتوو و لێک جیانەکراو، سوورین لە سەر ڕێبازی بەرحەقمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و، ئەوەندەی دیکە کۆماری ئیسلامیی ئێرانتان لە بەرچاوی گەلانی ئێران و ڕای گشتی جیهانی، سووک و ڕیسوا کرد.
ئێوە بە پێشوازیی پڕشکۆی خۆتان لە بانگەوازی سەرکردایەتی سیاسیی بزووتنەوەی کوردستان، سەلماندتان کە بزووتنەوەی کوردستان، بزووتنەوەیەکی پێگەیشتوو و پێشکەوتووی بەرینە کە لە کات و ساتی خۆیدا لە هەموو پۆتانسیێل و تایبەتمەندییەکانی خەباتی جەماوەری بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، کەڵک وەردەگرێت.
با کۆماری ئیسلامی و هەموو دەستوپێوەندەکانی بزانن کە کوردستان، سەنگەری لەشکان نەهاتووی خەبات بۆ ئازادییە و، گەلێک کە خاوەنی ئەو ئیرادە پۆڵایینە بێت بۆ ئازادی و مافەکانی، لە هیچ کۆسپ و تەگەرەیەک ناپرینگێتەوە و لە خەبات و تێکۆشان تا گەیشتن بە لوتکەی ئازادی هەدا نادات.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە پێنج حیزب و لایەنی سیاسی، سپاس و پێزانینی گەرمی خۆی لە ئاست پێشوازیی گەرم و کەم وێنەی ئێوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە بانگەوازی خۆی ڕادەگەیەنێ . بە دەنگەوەهاتن و پشتیوانیی لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە بانگەوازی مانگرتنی گشتی و، بەشداریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەموو چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەم مانگرتنە گشتییەدا، سەری سەرکردایەتی بزووتنەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هی خۆشتانی لە بەردەم هەموو خەڵکی ئێران و جیهاندا بەرز کردەوە و ئیرادە و بڕیاری گشتیی بۆ خەبات و بەربەرەکانی بەرامبەر ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆر و تاوانکارە، پتەوتر کردەوە. ئیوە جارێکی دیکە سەرشۆڕی و زەبوونیتان کردە حاسڵی پیلانگێڕییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی و لاپەڕەیەکی پڕشنگدار و زێڕینی ترتان لە مێژووی خەباتی نەتەوەکەماندا تۆمار کرد کە دەتوانێ ببێت بە سەردەقی قۆناغێکی نوێ لە خەبات بۆ تۆمارکردنی ڕزگاریی یەکجاریمان.
ئێوە بە مانگرتنی گشتی و یەکگرتووانەی خۆتان، ئەم پەیامەشتان گەیاندە ئێمە هێزە سیاسییەکانی خۆتان کە ئەگەر یەکدەنگ وهاوخەبات و یەکگرتوو بین، ئێوە سەدقات باشتر بە دەنگمانەوە دێن. ئێمەش لەم ڕۆژە پڕشکۆیەدا بەڵێنتان پێ دەدەین کە بەرامبەر پەیامە پیرۆزەکەی ئێوە سەری ڕێز دادەنوێنین وبە شانازی و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ئەم پەیامەتان لێ وەربگرین.
سڵاو لە یەکگرتوویی خۆڕاگری و ئیرادەی خەباتگێڕانەتان،
سلاو لە گیانی پاکی نوێترین شەهیدانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێوە ئەمڕۆ بە مانگرتنی پڕ شکۆی خۆتان، گیانی ئەوان و بنەمالەکانیان و هاوسەنگەرانی ئەوانتان شاد و هێور کردەوە و، ڕێژیمی تاوانخوڵقێنی کۆماری ئیسلامیتان ڕسوا کرد.
پتەوتر بێ یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵان خۆراگری خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
ئێوارەی ٢١ خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی
١٢ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی