کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێرانی تەحریم کرد

11:04 - 9 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیانییەیەکی هاوبەشدا شانۆگەریی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیس لە ئێرانی تەحریم کرد.

دەقی بەیانییەکە بەم چەشنەیە:

بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

بەنیسبەت تەحریمی شانۆگەریی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیس لە ئێراندا

 هاونیشتمانییانی بەڕێز!

 کۆمەڵانی خەڵکی مافخوازی کوردستان!

 ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پاش ڕیزکردنی کۆمەڵێک مەرج و پێکهێنانی بەربەست بۆ کاندیداکانی خوازیاری نوێنەرایەتی لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، لە داهاتوویەکی نزیکدا شانۆی هەڵبژاردنەکانی بەڕێوە دەبات.

 ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوەیکە باوەڕی وایە کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە نێوەڕۆکی مەجلیسێکی ڕاستەقینە بەتاڵ کراوە و هیچ کات نەک هەر نەیتوانیوە لە پرسە گرینگەکانی ئێراندا بڕیاردەر و شوێندانەر بێت، بەڵکوو ئەم مەجلیسە بۆ خۆی بەشێکی گرینگ لەم ڕێژیمەیە و وەک یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی ئەم نیزامە سەرکوتکەرە ڕۆڵی گێڕاوە. وێڕای ئەو ڕاستییەش، لە هەلومەرجی ئێستادا و بەتایبەت پاش حەرەکەتە ئیعترازییەکان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا ڕوونتر و ئاشکراتر لە هەموو کات دەرکەوت کە نە مەجلیسی ڕێژیم پارلمانێکی ڕاستەقینەیە و نە نوێنەرانی ئەو مەجلیسە پارێزگاری لە خەڵک و ماف و ئازادییەکانیان دەکەن.

 لەو حەرەکەتە ئیعترازییانەدا هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خامنەیی خەڵکیان دایە بەر دەستڕێژیی چەک و گیانیان لە سەدان کەس ئەستاند، بە هەزاران کەسیان بریندار کرد و هەزاران کەسی دیکەشیان ڕفاند و ڕەوانەی ئەشکەنجەگا و سیاچاڵەکانیان کردن کە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر چارەنووسییان لەبەر دەستدا نییە. بەڵام نە مەجلیس بەگشتی و نە نوێنەرانی ئەو مەجلیسە بە تاک، هەڵوێستێکی شیاویان بەرانبەر بەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامی نیشان نەدا.

هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵ و چەند ساڵی ڕابردووی گەلانی ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی، بێ پێگەیی و بێزراوبوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لەنێو خەڵکدا بەتەواوی دەرخستووە. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەنجامدانی گەورەترین تاوانەکان بەرامبەر بە خەڵکی ڕاپەڕیو و وەزاڵەهاتوو، دەیەوێت بە وەڕێخستنەوەی شانۆسازیی هەڵبژاردن و هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، لە بەرچاوی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، هەندێک ئێعتیبار بۆ خۆی دەستەبەر بکات و سەرپۆش لەسەر ڕیسوایی خۆی دابنێت.

بە لەبەرچاوگرتنی تێکڕای ئەم ڕاستییانە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە، ٢ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٣ی دێسامبری ٢٠١٩ی زایینیی خۆیدا بڕیاری بایکۆتی فەعالی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیمی پەسەند کرد و لەو باوەڕەشداین کە لەم بارودۆخەی ئێستای ئێران و کوردستاندا هەر کەس و تاکێک لەو بەناو هەڵبژاردنانەدا خۆی بەربژێر بکات یان بچێتە سەر سندووقی دەنگدانەکان، ڕاستەوخۆ خزمەتی بە مەشرووعییەت پێدان بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە و وەک شەریکی ئەوان بۆ هەموو کۆشتارو جینایەتەکانی ئەم ساڵانەی ڕابردوو دێتە ئەژمار.

لەو پێوەندییەدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕوو دەکاتە کۆمەڵانی خەڵک لە ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کە لە چوون بۆ سەر سندووقەکانی شانۆی هەڵبژاردن خۆ ببوێرن و ڕێگاش نەدەن پیلانەکان و نەخشە دزێوەکانی ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان سەر بگرێت.

هەروەها ئەوانەی کە بە هەر نیازێک خۆیان بۆ بەناو نوێنەرایەتیی لەو مەجلیسەدا کاندید کردووە با ئەو ڕاستییەیان لە بیر بێت کە دەبێ بەرژەوەندییەکانی خەڵک لە سەرەوەی مەسڵەحەتی خۆیان دابنێن و بناغەی قازانج و ویستی خۆیان لەسەر مانەوەی کۆماری ئیسلامی بونیاد نەنێن .

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە، جەخت لەسەر ئەو هەڵوێستە دەکەینەوە کە لە هەلومەرجی ئێستادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیس زیاتر لە پێشوو بووەتە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی.

بە هیوای بەرپەرچدانەوەی هەر پیلانێکی ڕێژیم و وتنی "نا"یەکی گەورەی دیکە بە ڕێژیم، بە جۆرێک کە وەڵامدەری حەرەکەتە ئیعترازییەکانی خەڵک و ڕێزدانان بۆ قوربانییان و بریندارانی سەرکوتەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی وڵاتەکەمان بێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران