کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر کارەساتی لافاوی بەلووچستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

13:02 - 24 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر کارەساتی لافاوی بەلووچستان و وێران بوونی ماڵ و حاڵی خەڵک و هەست بە بەرپرسیاریەتی نەکردنی کاربەدەستانی ڕێژیم لە بەرامبەر ئەم کارەساتە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانانی خۆشەویست!

کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان!

خەڵکی مرۆڤدۆستی کوردستان!

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلی باران بارین لە ئێران و بە تایبەتی لە پارێزگای بەلووچستان کە لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٠ی بەفرانبارەوە دەستی پێکردبوو، بوو بەهۆی لافاوێکی کاولکەر کە لە ماوەیەکی کورتدا چەندین شار و شارۆچکەی ئەو پارێزگایەی گرتەوە و وێرانییەکی یەکجار بەربڵاوی بە دوای خۆیدا هێنا.

بەهۆی ئەو لافاوە بەشێکی زۆر لە خەڵک کە لەنێو خانووە قوڕی و خشتییەکان و لەژێر گوشاری هەژاری و ستەمی چەندقات و چەوسانەوەی سیستماتیک و ئامانجداردا دەژیان، بە تەواوی ماڵ و حاڵیان خاپوور و شپرزە بووە، چەندین کەس گیانیان لەدەست داوە و بەهۆی سەرڕێژبوونی ئاوی بەنداوەکان، سەدان گوند کەوتوونەتە ژێر ئاو و چۆڵ کراون. ئەوە چەند ڕۆژە کە لافاولێدراوان لە گەمارۆی لافاو و سەرما و برسێتیدا چاوەڕێی گەیشتنی خێرا و بەپەلەی یارمەتیی مرۆیین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لەنێو کاربەدەستانی ڕێژیمدا هیچ جۆرە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەک نابینرێت و تەنانەت لە ڕووی ڕووماڵکردنی هەواڵ و بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی ئەو کارەساتە مرۆیی و ژینگەییەشەوە سیاسەتی بایکۆتی خەبەری و پەراوێزخستن و حاشالێکردن و شاردنەوەی ڕاستییەکان لەو هەرێمە بەڵالێدراوەدا هەروا درێژەی هەیە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییانی ئەو کارەساتە، داوا لە خەڵکی ئێران دەکات بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت، یارمەتییە مرۆییەکانی خۆیان بگەیەننە خەڵکی بەشمەینەتی ناوچە لافاولێدراوەکان و ڕێگە نەدەن خەڵکی بێدەرەتانی ئەو دەڤەرە پەراوێزخراوە لەوە زیاتر ببنە قوربانیی کەمتەرخەمیی کاربەدەستان و سیاسەتە دژەمرۆییەکانی ڕێژیم.

هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە خێرخوازی و مرۆڤدۆستەکان دەکەین فریای خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکانی بەلووچستان بکەون و بە گەیاندنی یارمەتیی خێرا و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بەو خەڵکە بەشمەینەتە، ڕێگا لە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر بگرن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی

١٤ی ژانویەی ٢٠٢٠ی زایینی