کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بۆ پێشگرتن لە حوکمی ئێعدامی زیندانییەکی سیاسیی کورد، داوای لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازان کرد، دژی ئەو جەنایەتەی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتی دەرببڕن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوكاریی بە بۆنەی ئەگەری ئێعدامی لاوێكی كورد
خەڵكی بەشەرەفی كوردستان،
ناوەندە مرۆڤدۆستەکانی پارێزەری مافەكانی مرۆڤ،
دەسەڵاتی ڕەشی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤ دەیەی رابردوودا، بە ئامانجی كپكردنی دەنگی ئازادیخوازانەی نەتەوەكەمان و بەردەوامیی حوكمی ناڕەوای خۆی لە هەموو ئامرازێكی سەركوت و چەوساندنەوە كەڵكی وەرگرتووە و خراپترین و قێزەوەنترین جۆری سەركوت و جەنایەتەكانی لەسەر میللەتەكەمان تاقی كردووەتەوە. گەلی كورد لە كوردستانی ئێران لە باری ڕێژەی ئێعدامی سیاسی لە سەرووی ریزبەندییەكاندایە و پۆل پۆل لاوەكانمان بە بیانوو و تۆمەتی ساختە و گاڵتەجار ڕەوانەی جووخەكانی مەرگ دەكرێن.
لە ئێستاشدا كە قەیرانە جۆراوجۆرەكان دەوراندەوری دیكتاتۆریەتی ئاخوندانیان گەمارۆ داوە و كێشە سیاسییە نێونەتەوەیی و نێوخۆیییەكانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندن و گەورەبوونەوەدایە، بێگومان زیاتر لە هەر كاتێكی تر ترسی تەقینەوەی ڕقی پەنگخواردووی گەلانی ئێرانیان لێ نیشتووە و بەو هۆیەشەوە رێژەی ئێعدام و سەركوت وەک رێگەكارێک بە مەبەستی چاوترسێنكردنی خەڵكی ئازادیخواز لە لایەن ئەو دەسەڵات و سیستەمە ناخەڵكی و دژی ئازادییە زیادی كردووە .
لە درێژەی تاوانەكانی ڕێژیمی تاران، لە ئاست گەلەكەمان ئەمجارە لاوێكی بێتاوانی شنۆیی بە ناوی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" بە تۆمەتی هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كەوتووەتە بەر ڕقی کاربەدەستانی خوێنرێژ. ناوبراو كە پێشتر لە بێدادگاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ٣٠ ساڵ بەندیخانەی بۆ بڕابوویەوە، لە دوا پێداچوونەوە بە دەستێوەردانی سپای پاسداران حوكمەكەی گۆڕدراوە بۆ ئێعدام و لە ئێستاشدا مەترسیی بەڕێوەچوونی حوكمەكەی پەرەی سەندووە.
ناوندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێرای مەحكووم كردنی ئەو حوكمە ناعادڵانەیە، سەرجەم ئازادیخوازان و ناوەندەكانی مافی مرۆڤ لە ئاستی نێونەتەوەیی بانگ دەكات، هەتا دەنگی ناڕەزایەتی سەبارەت بەو جەنایەتە هەڵبڕن و بە گوشاری نێونەتەوەیی و هەمەلایەنە پێش بە ئێعدامە سیاسییەكان و ئێعدامی هیدایەتەکان و ڕامینەكانی كوردستان بگرن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی