کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

12:43 - 12 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی هەڵبژاردنی شارەکانی "سنە و سلێمانی" وەک دوو شاری داهێنەر لە بواری مۆسیقی و ئەدەبیات لە لایەن ڕێکخراوی فێرکاری، زانستی و کولتووریی نەتەوەیەکگرتووەکان، ناسراو بە "یوونیسکۆ"وە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

(UNESCO)، دوو شاری کوردستانی ئێران و کوردستانی باشووری لە ڕیزی ٦٦ شاری جیهان وەک "شارە داهێنەرەکان" هەڵبژارد.

یوونیسکۆ شاری سنەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێرانی وەک شاری داهێنەر لە بواری مۆسیقیدا هەڵبژاردووە. سنەی سەربەرز و خۆڕاگر، شاری داهێنانی هونەری مۆسیقی کە ئاوێتەی خەبات و مافخوازیی گەلەکەیەتی و هونەرمەندانێکی زۆری لە دڵی خۆیدا پەروەردە کردووە کە هەزاران ئۆگری هونەریی لێ هەڵکەوتووە و سیمایەکی بەرزی بە جێگە و پێگەی مۆسیقی و هەڵپەڕکێ و شانۆ بەخشیوە کە لە ژیانی دروونیی مرۆڤدا، پێوەندییەکی قووڵ بۆ مانابەخشین بە ژیانی شاد و زیندوویی بەردەوام، پێک دێنێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم دەسکەوتە و بەخشینی ئەم نازناوە بە هەموو خەڵکی خۆشەویستی شاری سنە و بە تایبەتی هونەرمەندانی ئەو شارە پیرۆزبایی دەڵێت. گومان لەوەدا نییە کە بەرەنگاری و هونەری بەرەنگاری بەشێکی سەرەکیی هونەری مۆسیقای شاری سنە و هونەرمەندە بەڕێزەکانی بوونە هۆی ئەوە کە هونەرمەندانی زۆر بەرچاو لەو شارە و هەموو گوندەکانی کوردستان لە ڕیزی کاریگەریی خەباتی نەتەوەکەماندا، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان ببن و هەن.

هیواخوازین و دڵنیاشین کە هونەرمەندانی دڵسۆز و بەهەڵوێستی ئەو شارە لەم دەسکەوتە جیهانییە کە دەرفەتێکی گەورە بۆ ئەم شارە دەرەخسێنێت، بۆ ناساندنی هەرچی زۆرتری ماف و داواکارییەکانی گەلەکەمان کەڵک وەردەگرن.

هاوکات لەگەڵ شاری سنە کە وەک شاری داهێنەر لە بواری مۆسیقی ناسێندراوە، شاری سلێمانی، پێته‌ختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستانی عێراقیش وەک شاری "داهێنەری ئەدەبی" لە لایەن ڕێکخراوی یوونیسکۆوە دەستنیشان کراوە.

شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری شاعیران و ئەدیبان و ڕۆشنبیران هەموو کات لە پێشەوەی داهێنانی ئەدەبیدا بووە و گەلێک ئەدیبی گەورەی بە کورد و جیهان ناساندووە.

شارەکانی سنە و سلێمانی، وەک دوو شاری دەستەخوشکی کورد ئەمڕۆ لە ئاسمانی هونەر و ئەدەبی جیهانیدا پێگەیەکیان بۆ خۆیان دەستەبەر کردووە.

دەستنیشانکردنی ئەم دوو شارە بەو نازناوانە دەرخەری هونەردۆستی و هونەرمەندی و ئەدەب و داهێنان لە لای نەتەوەی کورد و پێگەی هونەر و ئەدەبیات لە لای ئەم گەلەیە.

جارێکی دیکە ئەم دەسکەوتە بە هەموو گەلی کورد و شارۆمەندانی شارەکانی سنە و سلێمانی و بە تایبەتی هونەرمەندان و ئەدیبانی ئەو شارانە پیرۆزبایی دەڵێین و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن و دەسکەوتی زیاتریان بۆ دەخوازین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی

١ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی