کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

15:59 - 22 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئۆکراینی لە لایەن ڕێژیمەوە و دژکردەوەی خەڵک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

هەر وەک ئاگادارن لە ڕێکەوتی چوارشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری بۆیینگی ٧٣٧ی ئۆکراینی کە بە ١٧٦ سەرنشینەوە، کە دەیان نوخبەی تێدا بوو و ١٢ لەوانە کورد بوون و لە تاران بەرەو "کی یێف" پێتەختی وڵاتی ئۆکراین هەڵفڕیبوو، لە نێوان شەهریار و پەرەند چەند خولەک دوای هەڵفڕین کرایە ئامانجی مووشەکی سپای تێرۆریستی پاسداران و هەموو سەرنشینەکانی بوون بە قوربانیی ئەو کارەساتە مرۆییە.

پاش سێ ڕۆژ نکۆڵیکردن لە ڕاستییەکان لە لایەن کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمەوە لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتیدا، ڕۆژی شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ١١ی ژانویەی ٢٠٢٠، بە هۆی ئەوەیکە بەڵگەی ئاشکرا بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە گەورەیە لەبەردەستدا بوون و ڕێژیم نەیدەتوانی لەوە زیاتر دەستی خۆی لە تاوانەکەدا بشارێتەوە، ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە فڕۆکەکە لە لایەن پەدافەندی هەوایی سپای پاسدارانەوە بە هۆی هەڵەی ئینسانییەوە کراوەتە ئامانج و خراوەتە خوارەوە.

دوابەدوای دانپێدانانی ڕێژیم بەو تاوانە گەورەیەدا پاش سێ ڕۆژ درۆ و چەواشەکاریی ڕێبەرانی ڕێژیم، شەپۆلێکی ڕق و تووڕەیی خەڵک لە زانکۆکانی تارانەوە دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کورتدا شارەکانی دیکەی گرتەوە و خەڵکی وەزاڵەهاتوو بەو خۆپیشاندانەوە پەیوەست بوون.

لەو خۆپیشاندانانەدا دروشمەکانی خەڵک زیاتر لە جاران دەریخست کە کۆماری ئیسلامی بە تەواوی ڕەوایی خۆی لە نێو خەڵکدا لە دەست داوە و نەمان و ڕووخانی ڕێژیم ئێستا ئیتر بووەتە ویستی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵک.

دروشمەکانی وەک "مرگ بر اصل ولایت فقیه"، "دیکتاتور سپاهی، داعش ما شمایی"، "جمهوری اسلامی نابود باید گردد" و ... دەری دەخەن کە خەڵکی ئێران دوژمنی ڕاستەقینەی خۆیان بە تەواوی ناسیوە و ئەوەش کە ڕێژیم خۆی بە پارێزەری ئەمنییەتی ئەوان دەناساند، لە نێو خەڵکدا هیچ ڕەواییەکی نەماوە. لە خۆپیشاندانەکانی ئەم جارەدا دیسان خەڵکی ڕاپەڕیو بە دڕاندنی وێنەی ڕێبەرانی ڕێژیم و بەتایبەتی قاسم سلێمانی، تێرۆریستی ناسراوی ڕێژیم، وەڵامێکی گونجاو و شۆڕشگێڕانەیان بە هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ نیشاندانی پێگەی جەماوەریی خۆی لە شانۆگەریی بە خاکسپاردنی ئەو تاوانبارەدا دایەوە وهەموو پیلانە پڕتێچووەکانی ڕێژیمیان لەو پێوەندییەدا پووچەڵ کردەوە.

ناوندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی بەداخبوونی خۆی لەو تاوانە قیزەونەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان دەکات و خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێت. هەروەها پاڵپشتیی خۆمان بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکی ڕاپەڕیوی وڵاتەکەمان ڕادەگەیەنین و داوا لە هەمووان دەکەین بە گرتنی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە و ئینسانی، هاوهەڵوێستیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیو و پشتیوانیی خۆیان لە داوا ڕەواکانیان دەرببڕن و تا بەچۆکداهێنان و ڕووخانی یەکجاریی ئەو ڕێژیمە مرۆڤکوژ و سەدە ناوەڕاستییە دەست لە خەبات و تێکۆشان و گیانبازی هەڵنەگرن.

هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان دەکەین بەهێنانی گوشار بۆ سەر ڕێژیم و و پشتیوانی لە داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، یارمەتیدەری سەرکەوتن بە سەر ئەو ڕێژیمە تاوانکارە تێرۆریستییەدا بن و و ڕێگە نەدەن ڕێژیم بۆ جارێکی دیکە و هاوشێوەی ڕاپەڕینەکانی مانگی خەزەڵوەر، لە بێدەنگیی کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا بە وەڕێخستنی کۆمەڵکوژی، خۆپیشاندانی ناڕەزایی خەڵک سەرکوت بکات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی

١٢ی ژانویەی ٢٠٢٠ی زایینی