کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

17:07 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە بۆنەی سی ساڵەی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملووەوە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوەیە بەم چەشنەیە:

سی ساڵ پێش ئێستا، ڕێکەوتی (١٣ی ‌ژوئیه‌ی ‌١٩٨٩)، دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو"، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، یەکێک لە دیارترین ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد، له‌ كاتێکدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ڕێگای‌ چاره‌سه‌ریی‌ ئاشتیخوازانه‌ی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد له‌ ئێراندا له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند نوێنه‌ری‌ حكوومه‌تی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ ڤییه‌ن له‌سه‌ر مێزی‌ وتووێژ دانیشتبوو، له‌گه‌ڵ‌ "عەبدوڵڵا‌ قادری‌ ئازه‌ر"، ئه‌ندامی‌ كۆمیته‌ی ‌ناوه‌ندی ‌‌و نوێنه‌ری‌ حیزب له‌ ئورووپا، به‌ ده‌ستی‌ به‌ناو نوێنه‌رانی‌ ده‌وڵه‌ت بۆ وتووێژی‌ ئاشتی‌، تێرۆر كران.

دوکتور قاسملوو لەسەر ئەساسی باوەڕمەندبوون بە چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی کورد، وتووێژی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بە شێوازێک لە شێوازە ڕەواکانی خەباتی کورد و وەک پرەنسیپێکی دێموکراتیک سەیر دەکرد. عەبدولڕەحمان قاسملوو وەک کەسێکی بەرپرسیار بەرانبەر بە چارەنووسی میللەتەکەی، هەمیشە وەک ڕێبەرێکی پڕاگماتیک، لە چوارچێوەی پێکەوەسازان و دیالۆگ هەنگاوی دەنا، بەڵام بەداخەوە لەسەر مێزی وتووێژ وڵامی پەیڤە ئینسانییەکانی بە گوللـە درانەوە.

ڕاستە کە نەیارانی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان توانییان ئەم ڕێبەرە و ڕێبەرانی دیکەی بزووتنەوەی کورد بە جەستە لەنێو بەرن و حەزفیان بکەن، بەڵام ئێستاش پاش سی ساڵ بە سەر تێرۆری ڤییەندا، بزووتنەوەی کوردستان لەسەر تێکۆشان بە مەبەستی مافە ڕەواکانی خۆی هەروا بەردەوام و لەسەر پێیە. ئێستاش سەرەڕای ئەوەیکە دەسەڵاتی سیاسی لە تاران هەمیشە هەوڵی داوە پرسی کورد لە ڕوانگەی ئەمنییەتییەوە بخوێنێتەوە و بۆ حاشالێکردن و سڕینەوەی، بەردەوام ڕێگای توندوتیژ و ئەمنییەتی دەگرێتە بەر، بەڵام حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وێڕای بەرەنگارییەکی ڕەوای فرەچەشن، دیسانیش پێیان وایە لە کۆتاییدا هەموو کێشەکان لەسەر مێزی وتووێژ چارەسەر دەکرێن.

بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران پاش سی ساڵ تێپەڕین بە سەر تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوودا، قۆناغی جۆراوجۆری بڕیوە. ئەوەی لە هەموو گرینگترە ئەوەیە کە بە پێچەوانەی هەوڵی سیستمی سیاسی لە تاران کە هەمیشە هەوڵی دەدا لە ڕێگای سەرکوت و داپڵۆسینەوە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لاواز و بێدەنگ و بێجووڵە بکات، ئێستا خەباتێکی بەرینی جەماوەی لە شکڵی مەدەنی لە ئارادایە. ئەم خەباتە کە ماهییەتێکی عەداڵەتخوازی و نەتەوەیی هەیە، بە شێوازێکی هێمنانە خەریکە بە تەواوەتی ڕیشە دادەکوتێت و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرینتر دەبێتەوە. ماهییەت و ئامانجی ئەم خەباتە جەماوەرییە کە هەمان شوناسخوازیی نەتەوەیی و گەڕان بەدوای ڕێگاچارەی دێموکراتیک و یه‌كسانیخوازانەیە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە سیاسەت و تێڕوانین و تێکۆشانی حیزبەکان، کاریگەری و شوێنەواری قوڵیان لەسەر ئەم کۆمەڵگەیە داناوە.

بەداخەوە تا ئێستاش ئەو دەسەڵاتەی کە پیلانی تێرۆری دوکتور قاسملوو و ڕێبەرانی دیکەی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانیان داڕشت و بەڕێوەیان برد، هەر بە تێڕوانینی ئەمنییەتییەوە سەیری بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان و داواکاریی حیزبەکان دەکات. بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان کە باوەڕێکی قووڵی بە چەسپاندنی دێموکراسی لە ئێران و چارەسەریی کێشەکان لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە هەیە، بەداخەوە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بە دەرکردنی فەرمانی جیهاد بۆ سەر خەڵکی کوردستان، تێرۆری ڕێبەرانی کورد، سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان، لە پاشکەوتووییدا ڕاگرتنی کوردستان، هێرشی مووشەکی و بۆردمانی بنکە و بارەگای حیزبەکان و ئێعدام و لەسێدارەدانی ڕۆڵەكانی، سیاسەتی نکۆڵی و حاشاکردن لە پرسی نەتەوەیی کورد لە ئێران وڵام دراوەتەوە.

لە ئێستادا کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەسەر پرسی ناوکی و ڕێکەتنی "بەرجام" لە ڕووبەڕووبوونەوە و گوشارخستنەسەر ئەم ڕێژیمەدایە، ئێمە وەک حیزب و لایەنەکانی کوردستان وێڕای ئەوەی ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە کە ئەم گوشارانە بۆ سەر ڕێژیم بە باش دەزانین، هاوکاتیش وتوومانە کە کێشەی ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە تاران لەسەر ماف و داخوازییەکانمان بۆ دەیان ساڵ پێش ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی نێوان ئێران و ئامریکا دەگەڕێتەوە. تەوەری سەرەکیی کێشەی ئێمە لەگەڵ تاران داخوازییە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی خۆمانە کە لە جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافەکانی مڕۆڤدا وەک "سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ" دانی پێدا نراوە.

لە داهاتووی وڵاتی ئێراندا چاوپۆشیکردن لە داواکارییەکانی بزووتنەوەی کورد و ویستە ئینسانی و نەتەوەییەکانمان - وەک تا ئێستا سەلمێندراوە - نەتەنیا زیان بە پرۆسەی دێموکراسیزاسیۆنی ئەم وڵاتە دەگەیەنێت، بەڵکوو بەتەواوەتی لە قازانجی سەقامگیری و بەرەپێشچوونی ئێراندا نییە. درێژەکێشانی ئەقڵییەتی تەواویەتخوازیی دەسەڵاتدارانی تاران، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ داهاتووی ئەم وڵاتە بەرەو کۆمەڵێک سناریۆی ناڕوون دەبات. بۆیە پێویستە دەسەڵات لە تاران وڵامێکی لۆژیکی بۆ چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ داخوازەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بداتەوە کە لە بەرنامە و سیاسەتی لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا فۆرمووڵە کراون.

یادی شەهید د.قاسملوو و سەرجەم شەهیدانی خەباتی حەقخوازانەی گەلی کورد بەرز و بەڕێز بێت و ڕێگا و ڕێبازیان بەردەوام بێت .

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٠ی پوشپەڕی ١٣٩٨ – ١١ی جولای ٢٠١٩