کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانییان لە مانگرتنی شۆفێری ماشێنە بارهەڵگرەكان کرد.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەکانی کوردستانی ئیران: پشتیوانی لە مانگرتنی شۆفێری ماشێنە بارهەڵگرەكان دەكەین.
ماوەی نزیك بە هەفتەیەكە شۆفێری ماشێنە بارهەڵگرەكان لە چەندین شاری ئێران و كوردستان لەوانە مەشهەد، هەمەدان، بوشێهر، ئیسفەهان، شیراز، سەقز، كرماشان، دیواندەڕە و... بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە جێبەجێ نەكردنی خواستە پیشەیییەكانیان مانیان گرتوە و سەرەڕای بەڵێنە بێبنەماكانی كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، مانگرتنەكان لە چەندین شاری جۆراوجۆر بەردەوامە.
هەرچەند مانگرتنی شۆفێری ماشینە بارهەڵگرەكان داواكارییەكی پیشەیییە، بەڵام دەرهاویشتە و بەشێكە لەو قەیرانە ئابوورییەی كە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بۆ خەڵكی ئێرانیان خوڵقاندوە و خەڵک بۆ بەدەستهێنانی بژیوی ژیانی رۆژانەیان تووشی چەندین كێشە و گرفت دەبنەوە. ئەمەش لە كاتێكدایە كۆماری ئیسلامی ساڵانە چەندین میلیارد دۆلار خەرجی گرووپە توندڕەو و تێرۆریستییەكان لە وڵاتانی جۆراوجۆر دەكات.
ئێمە وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆمان لە مانگرتنی بەربڵاوی شۆفێری ماشێنە بارهەڵگرەكان لە شارەكانی ئێران و كوردستان و هەروەها مانگرتن و ناڕەزایەتیی چین و توێژە جۆراجۆرەکانی كۆمەڵگای ئێران، خوازیاری دەستەبەربوون و وەدیهاتنی داواكارییە ڕەواكانیانین.
وڵام نەدانەوە بە داخوازیی شۆفێرە مانگرتووەکان، نموونەیەكە لە پشتگوێخستنی ژیانی خەڵک لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی.
سەركەوتوو بێت مانگرتنی شۆفێری ماشینە بارهەڵگرەكان لە شارەكانی ئێران و كوردستان
بڕووخێ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧