کوردستان میدیا: بە بەشداری سكرتێری حیزبەكانی کوردستانی ئێران كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی بەڕێوە چوو.
پێشنیوەرۆی ڕۆژی شەممە ١٥ی پوشپەڕی ١٣٩٨، كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە بەشداریی كەسانی یەكەمی حیزبەكان و بە میوانداریی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوە چوو.
لەو دانیشتنەدا هەلومەرجی ئێستای ئێران و كوردستان و ئەگەرەكانی داهاتوو خرانە بەر باس و لێكۆڵینەوە و بەخۆشییەوە هاودەنگی زۆر لەو ناوەندودا بەدی كرا كە پێویستە حیزبە سیاسییەكانی كوردی ڕۆژهەڵات بۆ هەر ئەگەرێك ئامادەیی و یەكدەنگی پێویستیان هەبێت.
تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە باس لەو گەڵاڵە و ئەركانە كرا كە ناوەندی هاوكاریی بە شێوەی ناوخۆیی كاریان لەسەر دەكات، لەو بوارەشدا دەركەوت كە پێشوەچوونی باش بۆ كاری هاوبەش دەبیندرێ و بڕیاردرا لەمبارەشەوە كاری چڕوپڕ و خێرا ئەنجام بدرێت.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٥ی پوشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی – ٦ی جولای ٢٠١٩