کوردستان میدیا: ١٣هەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبەکانی ئەندام، بەڕێوەچوو.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٩٨ی هەتاوی، ١٣هەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، لە ناوەندی سەركردایەتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە نوێنەرانی حیزبەكانی ئەندام لە ناوەندی هاوكاری تێیدا بەشداربوون، سەردێڕی كار و چالاكییەكانی دەورەی پێشووی ناوەند لە لایەن نوێنەری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانەوە خوێندرایەوە.
پاشان هەر یەک لە بەشداربووان، تێبینی و بۆچوونی خۆیان لەسەر كار و چالاكییەکانی دەورەی ڕابردوو دەربڕی و پێشنیاری پێویستیان بۆ چالاكییەكانی خولی داهاتووی ناوەندی هاوكاری خستەڕوو.
قسەكردن لەسەر بارودۆخی كوردستان و ئێران و ناوچەكە، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە لایەنەكان لە گفتوگۆیەكی گەرموگوڕدا، لێكدانەوە و شیكاریی خۆیان بۆ دۆخی ئێستا خستە ڕوو و جەختیان لەسەر چڕوپڕتركردنی كار و ئەركەكانی ناوەندی هاوكاری كردەوە.
لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا، ناوەندی هاوكاری، پشتیوانیی خۆی بۆ ١٤ چالاکی مەدەنی و ١٤ چالاکی بواری ژنان لە ئێران دەربڕی كە لە بەیاننامەیەی جیاجیا بە ئاماژە بە دژە ژن بوونی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، لەسەر ئەوە جەختیان کردبووەوە كە بە شێوازی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی، دژی ڕێژیمی ئیسلامی دەوەستنەوە و داوای دەست لە كاركێشانەوەی عەلی خامەنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران دەكەن.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەی ناوەندی هاوكاری، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران وەک بەرپرسی دەورەی ناوەند، كار و چالاكییەكانی دەورەی داهاتووی گرتە ئەستۆ و كۆبوونەكە پاش نزیكەی ٦ كاتژمێر كۆتایی پێهات.