کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی سێمێنارێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بەڕێوە برد

11:33 - 1 رەشەمه 2719

کۆمیتەی زمان و کولتووری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بەبۆنەی ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بەڕێوە برد.

ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی ڕیبەندان، کۆمیتەی زمان و کولتووری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بەبۆنەی ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە شاری کۆیە و بە بەشداریی دەیان کەس لە خەڵک و ئەندامانی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری و نوێنەرانی حیزب و لایەن و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان بەڕێوە برد.

ئەو سێمینارە، پاش ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، دەستی بە کار کرد.

ئەو سێمینارە لە ٣ پانێل پێک هاتبوو.

لە پانێلی یەکەمدا دوکتور "هەژار ڕەحیمی"، مامۆستای زانکۆ، باسێکی لە سەر گرینگی و پێگەی زمان لە بنیاتنانی شوناس و باوەڕبەخۆبوونی نەتەوەییدا پێشکەش کرد.

ڕەحیمی لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: "بەخۆشییەوە زمانی کوردی ئێستا خەریکە بە هێزێکی گەورەوە دەچێتە نێو گۆڕەپانی زانست و مەعریفە و چەمکە فەلسەفییەکان و دەتوانین بڵێین ئەوەندە بەهێز بووە کە ئیتر هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر نەماوە. ئێمە بۆ خۆمان زمانێکی بەهێزی خاوەن توانای بەرهەمهێنانی هزری و فەلسەفیمان هەیە، هەر بۆیە هەوڵدان بۆ سووککردنی زمانی نەتەوەی باڵادەست لە ئێراندا نە پێویستە و نە دەتوانێ هیچ یارمەتییەکی ئێمە بدات بۆ ئەوەی کە دابڕانی مەعریفی بۆمان بەرهەم بهێنێ".

لە پانێلی  دووەمدا "ڕەسووڵ سوڵتانی"، شاعیر و وەرگێڕ باسێکی لەسەر جێگە و  پێگەی زمان لە خەبات و ململانێی مێژوویی نێوان نەتەوەی کوردی و داگیرکەرانی کوردستاندا پێشکەش کرد.

بەڕێز سوڵتانی لە سەرەتادا وتی: " زمان هەموو فاکتەرەکانی شوناس لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و گرینگیی وشە و زمان تەنانەت لە کتێبە ئایینییەکانی ئیسلام و مەسیحیەتیشدا جەختی لەسەر کراوەتەوە. ئەو نەتەوانەی کە لە ڕەوتی مێژوودا زمانی خۆیان لە بەرانبەر زمانی بێگانەدا دۆڕاندووە، شوناس و سەروەریی نیشتمانیشیان دۆڕاندووە".

لە پانێلی سێهەم و کۆتاییدا، دوکتور "ڕەحیم سورخی"، مامۆستای زانکۆ، لە ڕێگای سکایپەوە باسێکی لەسەر گرینگیی پەروەردە بە زمانی دایکی لەسەر کەسایەتیی تاک و کۆمەڵگا پێشکەش کرد.

"سورخی" وێڕای باس لە هەوڵی چەواشەکارانەی ڕیژیمی ئێران بۆ نیشاندانی ئازادیی زمانی کوردی لە ئێراندا، ڕایگەیاند: "ئامانج لە ئەو دەرفەتە بەرتەسکانەی کە کۆماری ئیسلامی بە زمانی کوردی دەیدات، بێ کەڵک کردنی زمانی کوردی و بێ توانا نیشاندانی لە بەرچاوی خەڵکدایە".

سێمیناری کۆمیتەی زمان و فەرهەنگی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پاش کاتژمێر و نێوێک و پێشکەشکردنی سێ پانێلی زانستیی بەپێز پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕێبەندان کۆتایی پێهات.