کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوەکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هاوخەمی خەڵکی سێڵاولێدراوی ئێران و کوردستانە

11:49 - 7 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە نیشانەی هاوخەمیی لەگەڵ سێڵاولێدراوانی ئێران و کوردستان، داوای لە خەڵکی کوردستان دەکات، کە کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بهێنن.

هاونیشتمانییانی خۆشەویست!

خەڵکی مافخوازی کوردستان!

ئێوە بۆ جارێکی دیکە و لە نەورۆزێکی دیکەی کوردەواریدا بە بەڕێوەبردنی چەندین ڕێوڕەسمی پڕشکۆی پڕ لە پەیام و نێوەرۆکی نەتەوەیی و نیشتمانیی، لە ئاستێکی بەربەرینی جەماوەریدا سەلماندتان کە لە پێناو ویست و داخوازییە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خۆتان هەروا بەردەوام و شێلگیرن کە جێی سپاس و پێزانینە.

لە حاڵیکدا، ئێوە سەرەڕای بەربەست و گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ بوون و بەپێی قەرار و ساغبوونەوەی پێشوەخت و پلان بۆداڕێژراو، پێوەبوون لە ڕۆژانی داهاتوودا لە چەند شوێن و ناوچەی دیکەدا، ڕێوڕەسمی گەورەتر و پڕشکۆتر بەڕێوەبەرن، بەداخەوە بە هۆی کەشوهەوای بارانی و هەستانی لافاو لە چەندین شار و ناوچەی ئێران و کوردستاندا، دۆخێکی نەخوازراو و چاوەڕواننەکراو هاتە پێش، کە زەرەر و زیانێكی قورسی ماڵی و گیانیی بۆ خەڵکی وڵات و نیشتمانەکەمانی بەجێ هێشت.

بۆیە ئێمە، حیزب و لایەنەکانی ئەندام لە "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"، وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەری خۆمان و مەحکوومکردنی کەمتەرخەمیی دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ ئەم دۆخەی کە بەسەر خەڵکدا هاتووە، وێڕای ڕاگەیاندنی سەرەخۆشیی خۆمان لە بنەماڵەی قوربانیان و هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتری برینداران، بە دروستی دەزانین بە نیشانەی هاوخەمیی لەگەڵ خەڵکی زیاندیتوو، کۆتایی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بهێنرێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٨