کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان پەیامێکی بڵاو کردەوە

17:38 - 5 رێبەندان 2720

ناوەندی ڕەوەندی کوردی ل بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، یادی ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامە بەم چەشنەیە:

بەبۆنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد

لە دەرفەتێکی زێڕینی گەلی کورد و ٧٥ ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕێکەوتی ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ بەرامبەر بە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرچەرخانێکی گرینگی بە خۆیەوە بینی، کە دواتر بووە دەسکەوتێکی گرینگی مێژوویی بۆ هەموو گەڵی کورد.

لەو ڕۆژەدا لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد بۆ یەکەم جار لە مێژووی نەتەوەکەماندا، بە ڕێبەریی پێشەوا ''قازی محەممەد''، کۆماری دێموکراتی کوردستان ڕاگەیەندرا.

لە ناوچەیەکی دەسەڵات دیکتاتۆری کە هاوکات بووە شوێنی ململانێی زڵهێزان، ڕاگەیاندنی کۆمارێکی دێموکراتی بۆ کورد، لەگەڵ ئەوەی وەرچەرخانێکی مێژوویی و گرینگ بوو، هاوکات پەیامی ئەوەی تێدا بوو نەتەوەکەمان دەتوانێ لە هەر دەرفەتێک بۆی برەخسێ بە شێوەی ئەرێنی و دێموکراتی وێڕای پشتیوانی لەگەڵی کورد، جیاوازی ئەرێنی خۆشی لەگەڵ دەرووبەری نیشان بدا.

کۆماری کوردستان لە ماەی ١١ مانگدا گەلێک دەسکەوتی گرینگ و مێژوویی تۆمار کرد، گەلێک سنووری ئازایانە بەزاند و زۆر مێژووی درەخشانی تۆمار کرد کە ئێستاش دەکڕێ سوود لەو ئەزموونە وەبگرین. بەزاندنی سنوورە دەستکردەکان و هاتنی بارزانییەکان بە ڕێبەریی ژنرال مەلا ''مستەفا بارزانی'' بۆ هاوکاری کۆمار و دەور و ڕۆڵی گرینگیان بۆ پاراستنی کۆمار و هاوکات پێشوازی گەرم لەلایەن پێشەوا ''قازی محەممەد'' و باقی ڕێبەرانی حیزنی دێموکراتی کوردستان لە بارزانییەکان، یەکێک لەو وانانەیە باس لە پشت بەیەک بەستن و کورد و یەک نەتەوەیی کوردە، سەڕەرای سنوورە دەسکردەکانی دوژمنانمان.

پێکهێنانی کابینە و یاسا و گرینگیدان بە پرسی ژنان و لاوان و خویندنی کچان و ژنان بەشێکی بچوک لە دەریای دەسکەوتە گرینگەکانی کۆماری کوردستان بوون.

گەرچی پاش یازدە مانگ ڕێژیمی پاشایەتی ئێران توانی بە ئێعدامی پێشەوا ''قازی محەممەد'' وەک سەرۆک کۆمار و بەشێک لە ڕێبەرانی کۆمار ئەو ئەزموونە لەنێو بەرێ، بەڵام دەرس و ئامۆژگاری و ڕێبازی نەتەوەیی کۆمار هیچ کات لەو ماوەیەدا لە بیر و مێشکی تاکی کورد  لە بیرنەکراوە و هەوڵی بوون بە دەوڵەتی کورد لە ڕێفراندۆمی پیرۆزی باشووری کوردستانەوە تا ئێستاش هەر بەردەوامە و دڵنیاین بە یەکیەتی و یەکڕیزی و هاودەنگی هەموومان و هەموو خەباتکارانی نەتەوەی کورد، کۆمارێکی دیکە لە چەشنی کۆماری کۆماری کوردستان لە داهاتوویەکی نە زۆر دوردا دادەمەزرێ و خەون و هیواکانی، قازی و بارزانی و نەتەوەکەمان بەدی بێت.

بەرز و پیرۆز بێ یادی حەفتا و پێنج ساڵەی کۆماری کوردستان

سەرکەوەی خەباتی ڕەوای گەلی کورد بۆ دەوڵەتی کوردستان

ناوەندی ڕەوەندی کوردی لە دەروە

٢١ ژانویەی ٢٠٢١ی زایینی

٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی