کوردستان میدیا: کەمپەینی "بێدەنگی بشکێنین" بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی هەرچی زیاتری توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران و بەتایبەت کوردستان، لەلایەن ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتەوە ڕێکخرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر، ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات کەمپەینێکی لەژێر ناوی "بێدەنگی بشکێنین"، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو زوڵم و ئازار و دەنگی کپکراوی ژنان، ڕێک خست.
دەقی ڕاگەیەندراوی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات لەبارەی کەمپەینی "بێدەنگی بشکێنین"، بەم چەشنەیە:
ڕاگەیاندنی کەمپەینی "بێدەنگی بشکێنین" لەلایەن ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتەوە
لە کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا دژەژنەکانی ئەو چوارچێوە سیاسییە، بارودۆخی ژنان لە ئاستی تاک و کۆمەڵگادا نەتەنیا بەرەو باشتربوون ناچێت، بەڵکوو هەتا دێت پەت پساوانەتر ڕووی لە وێرانی و خراپی دەبێت و بەبێ ئەوەی خۆمان لێی وشیار بین، بەرەو بە کولتوورکردنی ئەو جۆرە لە ڕوانین بە ژنانمان دەبات.
ئێمە چالاکانی مافی ژنان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بۆ پێشگرتن بە پەرەسەندنی هەرچی زیاتری توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران و بەتایبەت کوردستان، بێدەنگ نەبین و بەرانبەر ئەم شێوە سیستماتیکە لە ئاپارتاید هەڵوێست بنوێنین. بە بڕوای ئێمە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین ڕێگەکانی نەهێشتنی توندوتیژی، شکانی بێدەنگییە و دەنگهەڵبڕین باشترین چارەسەرە؛ بە واتایەکی دیکە بە هەمان ڕادەی کە دەبێ هەوڵمان بۆ شکانی بێدەنگی چڕتر بکەین، دەتوانین بە هەمان ڕێژەش توندوتیژی کەمڕەنگ بکەین.
هەر بۆیە بە ڕاگەیاندنی کەمپەینی "بێدەنگی بشکێنین"، هەڵمەتێک دەخەینە گەڕ بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو زوڵم و زۆر و ئەشکەنجە و ئازارێک و هەروەها دەنگی کپکراوی ژنان دەبین.
ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات
۱۳۹۸/۸/۲۳ هەتاوی
۲۰۱۹/۱۱/۱٤ زایینی
ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات لە لایەن پێنج رێکخراوی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات پێک هاتووە کە بریتین لە:
رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان
رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران