کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ٨ی مارس پەیامێکی بڵاو کردەوە

11:44 - 18 رەشەمه 2720

ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پەیامێکی بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن بڵاو کردەوە و وێڕای پیرۆزبایی لە ژنان بەتایبەت ژنانی کوردستان، پەیمانیان نوێ کردەوە کە یەکگرتووانە لەپێناو وەدەستهێنانی مافە چینایەتییەکانی ژنان بەبڕشتتر لە جاران هەنگاو بنێن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ژنانی بوێر!

ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز!

پیرۆز بێت ١١١هەمین ساڵوەگەڕی ٨ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژن

لە ڕۆژی ٨ی مانگی مارسى ١٨٥٧ى زایینی، ژنانی نیۆیۆرک خۆپیشاندانێکى گەورەیان دژى چەوساندنەوەى لەڕادەبەدەر و کارى تاقەت پڕووکێنى ١٢ کاتژمێرى و هەروەها بۆ وەدەستهێنانی مافى دەنگدان بۆ ژنان وه‌ڕێ خست و دەنگی خەباتگێڕانە و پڕخرۆشی خۆیان بە گوێی هەموو خەڵکی دونیا گەیاند. ئەگەرچى داخوازییەکانى ئەوان لەو قۆناغه‌دا وەدى نەهات، بەڵام سەرەتایەک بوو بۆ هێنانە گۆڕی ویست و مافەکانی خۆیان تا ئەم ڕۆژە مەزنەیان کردە خاڵێکی گرینگ لە مێژووى خەباتى ژنانی جیهان. ژنانی ئامریکا توانییان لە درێژەى خەباتی بێوچانیان، داخوازییەکانى ڕەواى خۆیان دژى سیستەمى سەرمایەدارى وەدەست بهێنن.

هەشتی مارس هەموو ساڵێک دەرفەتێک دەڕەخسێنێت تا سەرنجی جیهان و هەموو تاكێكی كۆمەڵگا بۆ لای پرسی ژن ڕابكێشێت و ئەمەش دەتوانێت هەوڵی ژنان بۆ یەكسانی و دەستەبەركردنی مافەكانیان زیاتر بەرچاو بخات و خاڵە لاواز و بەهێزەكان دەستنیشان بكات.

بزووتنەوەی ژنان لە ئاستی جیهان بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو، هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە و قۆناغی جۆراوجۆری بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی لە هەموو بوارەكان بڕیوە. بەشداریی بەرچاوی ژنان لە بواری سیاسەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەدەستهێنانی پۆستە گرینگەكان، دەتوانێت ئەو ڕاستییە زیاتر بسەلمێنێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم بەشە لە جیهان كە ئێمە تێیدا دەژین، شاهیتی گرفت و ئاڵۆزییە سیاسییەکان بووین و زۆر جاران ئەو کێشە و ململانە سیاسییانە پرسی ژنانیان کەمڕەنگتر کردووەتەوە.

ئێمە لە کاتێکدا یادی ئەم ڕۆژە دەکەینەوە کە لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ژنانی ئێران بەگشتی و ژنانی كورد بەتایبەتی لە سەرەتاییترین مافەكانی خۆیان بێبەشن و لەوەش زیاتر ژنانی نەتەوە بندەستەكانی ئێران وەک شارۆمەندی پلە چەند لێیان دەڕواندرێت‌. لە یاسای بنەڕەتیی حكوومەتی دواكەوتووی ئێراندا، دەیان قەید و بەند بۆ ژنان دانراوە كە لە سەرەتاییترین مافە ئینسانییەكان بێبەشیان دەكات، بەڵام بە لەخۆبوردوویی ژنان ‌و بەرخۆدان ‌و تێکۆشانیان بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە پێویستە بە ئومێدی زیاتر بڕوانینە خەباتی مەدەنی ‌و چالاکییە بوێرانەکانی ژنان لە هەموو بوارەکانی نێو کۆمەڵگای داخراو لە ئێراندا و سەرەڕای پێشێلکارییە جنسییەکان لەگەڵ پێشێلکاریی مافی نەتەوەیی بەرەوڕوون کە لە مەیدانی خەباتدا و لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕۆڵی دیار و بەرچاویان هەبووە و هەیە، ژنی کورد لە کوردستانی ئێراندا لە پرسی نەتەوەییدا جیاوازە لە ژن بەگشتی لە ئێراندا. تێچووی سیاسی بۆ ژنی کورد زۆرە و دەبێ باجی قورسی بۆ بدات هەر بۆیە ژنان زیاتر خۆیان لە چالاکیی مەدەنیدا دەبیننەوە و گرنگیی زیاتر بە چالاکیی فەرهەنگی، ئەدەبی، ژینگەپارێزی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن.

ژنی کورد لە ئێراندا سەرەڕای هەموو بەربەستەکان کە کۆماری ئیسلامی بە سیستەمی سیاسی و یاسا و دابونەریتی زاڵ و دەستکردی خۆی بەسەریدا سەپاندوون بەڵام هەرگیز سەریان بۆ کۆماری ئیسلامی دانەنەواندووە، بەشێکیان لە نێوخۆی وڵات خەریکی خەبات و تێکۆشانن و بوێرانە دژی ئەو دەوڵەتە زاڵمە دەجەنگن و بە ئەرکی خۆیان هەستاون و بەشێکی تریان لە ڕیزەکانی شۆڕشدا خەریکی خەباتن بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان.

بە خۆشحاڵییەوە مێژووی ژنی کورد دەوڵەمەندە بە ژنی خەباتگێڕ و سیاسەتمەدار کە جێگای شانازین، ئەگەر جیهان شانازی بە "کلارا زێتکینـ"ـەوە بکات دەبێ ئێمەی کورد شانازی بە ژنانی تێکۆشەر و خۆڕاگری خۆمانەوە بکەین کە قوربانییەکی یەکجار زۆریان داوە لەو خەباتەدا.

لە ڕۆژی ٨ی مارسدا ویڕای بەرزنرخاندنی خەبات و تێكۆشانی ژنانی جیهان، ئێران بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی، بەڵێن نوێی دەکەینەوە کە ئێمە ژنانی كورد یەكگرتووانە و  لە ڕێگای وەدەستهێنانی مافە ئینسانییەكانمان هەنگاوەكانمان بە بڕشتتر لە ڕابردوو هەڵدەگرین و ئاواتەخوازین بە هاوكاریی سەرجەم ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز كۆمەڵگایەكی یەكسان  بنیات بنێین.

جارێكی دیكە بەرز بێت خەباتی یەکسانیخوازیی ژنان

ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات

٧ی مارسی ٢٠٢١ی زایینی

ڕێکخراوەکانی سەر بە ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات:

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان

کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات

ئاسۆی ژنی کورد

ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران