کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ڤەژین: فەرمانداریی مەریوان ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا لەلایەن ناوەندەکەمانەوە کرد

10:59 - 30 سەرماوەز 2721

ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ڤەژین لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسیویەتی کە فەرمانداریی ڕێژیمی ئێران لە مەریوان ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا و بەخشینی "خەڵاتی بەڕووی زێڕین" لەلایەن ئەو ناوەندەوە کردووە. ماوەی چەندین ساڵە ناوەندی ڤەژین لە شەوی "یەلدا"دا ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوە دەبات.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ئەندامان و لایەنگرانی ناوەندی فەرهەنگی -هونەریی ڤەژین!

هەر وەک ئاگادارن لە دە ساڵی ڕابردوودا، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا و خەڵاتی بەڕووی زێڕین  وەک بۆنەیەکی نیشتمانی لەلایەن ناوەندەکەمانەوە بەڕێوە چووە. بەڵام بەداخەوە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی دۆخی نەخوازراو و هەروەها بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئەم ڕێوڕەسمە بەڕێوە نەچوو.

دوابەدوای ئاساییبوونەوەی دۆخ و ڕزگاربوون لە پەتای کۆرۆنا، بەهیوا بووین ئەمساڵ ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا بە شێوازێکی شیاو و بەشکۆ بەڕێوە ببەین، بەڵام بەداخەوە فەرمانداریی مەریوان بە بیانووی دواکەوتنی مەجمەع و هەڵبژاردنی دەستەی نوێی بەڕێوەبەری ڤەژین، مۆڵەتی بەڕێوەبردنی ئەم بەرنامەیەی پێ نەداین.

ئێمە لەو قەناعەتەداین ڕێگەنەدان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا، پێوەندییەکی ئەوتۆی بە ڕەوتی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی ناوەندەکەمانەوە نییە و بەڵکوو ئێرادەیەکی تر لە ئارادایە بۆ کپکردنی دەنگ و چالاکیی ناوەندە مەدەنییەکان.

دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی ڤەژین لە هەموو ئەندامان و لایەنگران و ئەو کەسانەی لە دوور و نزیکەوە یارمەتیدەرمان بوون بۆ بەڕێوەبردنی ئەم بەرنامەیە، داوای لێبووردن دەکات و هیوادارە بتوانێت لە ساڵانی داهاتوودا ئەم بۆنەیە بە شێوەیەک کە شیاوی خەڵک و شارەکەمان بێت بەڕێوە ببات.

لەگەڵ ڕێز وحورمەت

دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ڤەژین

۲۹ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٤٠٠)