کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ھاوکاری خۆی بە پشتیوانی ئەم ناڕەزایەتییە بەرحەق و ڕەوایانە دەزانێت

10:06 - 27 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوی ژمارە ٢ی خۆی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی خەڵک لەمەڕ گرانبوونی بێنزین، وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی دووبارە لە خەڵک، ڕایگەیاندووە کە ڕێز لە ھەڵبژاردە و شێوازی گونجاوی خەباتی خەڵک بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتیی خۆیان دەگرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی هاوکاریدا سەرەتا ئاماژە بە دۆخی ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کراوە و هاتووە کە لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی خەزەڵوەردا، لانیکەم خەڵکی ٥٢ شاری ئێران پەیوەست بەم ناڕەزایەتییانەوە بوون.

 هەروەها هاتووە کە لە کوردستانی ئێرانیشدا بە نیشانەی یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و عەداڵەتخوازیی سەرانسەری، خەڵکی شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، مەریوان، سەقز، ورمێ، جوانڕۆ، کامێران و سەرپێل زەھاو بە داخستنی جادە و شەقامەکان و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لەم جووڵانەوە و هەڵمەت و ناڕەزایەتییانە بەشدارییان کرد کە بەپێی ھەواڵەکان تا ئێستا گیانلەدەستدانی چەند کەس لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارانە پشتڕاست کراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە كەسانی زۆر لە ناڕازییان بەتوندی بریندار بوون و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکانی ئەم شارانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

ناوەندی هاوکاری لە میانەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا باسی لە بێ ئاکام بوونی دەسەڵاتی ڕێژیم لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا کردووە، کە خەڵک ماڵ و سامانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە بارمتە گیراوە و لەم ساڵانەدا ئەمە خەڵک بوون کە تاوانی سیاسەتی دوژمنکارانە و زیانبار و ئاژاوەگێڕانەی سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی و ناکارامەیی ڕێژیمیان داوەتەوە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ناڕەزایەتیی خەڵک بە بەزبوونەوەی نرخی بێنزین لەم بارودۆخەدا بەھۆی زێدەخوازی و تاڵانکردنی دارایی و سامانی خەڵک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوەیە.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کۆتاییدا بۆ جارێکی دیکە لەسەر ھاوچارەنووسی، یەکبوون، یەکیەتی و پێویستیی یەکگرتوویی لە نێوان نەتەوەکانی ئێران جەختی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ڕێز لە ھەڵبژاردە و شێوازی گونجاوی خەباتی خەڵک بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتیی خۆیان دەگرێت.