کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئەمنییەتیی ئاڵمان: ڕێژیمی ئێران دەیەوێت دەستی بە چەکە کۆمەڵکوژەکان بگات

12:33 - 8 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی ئەمنیەتیی ئاڵمان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە پێداگری و سووربوونی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی کردووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی جۆزەردان، ناوەندی ئەمنیەتیی ئاڵمان، ڕاپۆرتێکی ٣٣٥ لاپەڕەی لە بارەی هەوڵی ڕێژیمی ئێران و پێداگرییان لەسەر دەستڕاگەیشتن بە چەکە کۆمەڵکوژییەکان بڵاو کردەوە و لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە مەترسییەکانی ئەم هەوڵەی ڕێژیمی ئیسلامی کراوە.

لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە، کە ڕێژیمی ئێران دەیەوێت دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژی لە جۆرەکانی چەکی ناوکی، بیۆلۆژیک و شیمیایی بگات.

هەر لەم ڕاستایەدا، ساڵی ڕابردوو، بنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆمەڵێک بەڵگەی لە بارەی هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی خستەڕوو.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، لە بارەی بەرنامە ناوکییەکەیەوە بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات، کە بە شێوەیەکی تەواو ئاشتییانەیە، بەڵام بەڵگە، هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە بارەی چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران بەتەواوی دژی ئەم قسەیەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەسەلمێنن و وڵاتانی ڕۆژاوایی و ناوچەکە ترسی ئەوەیان هەیە، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات.