کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندە ئامارییەکان بە فەرمانی ڕێژیم ئاماری ساختە بڵاو دەکەنەوە

11:51 - 1 رەزبەر 2720

لێکۆڵەر و کارناسێکی ئابووری لە ئێران وتوویەتی کە ناوەندی ئامار بە فەرمانی ڕێژیم ئاماری ساختە بڵاو دەکاتەوە.

"ئێحسان سوڵتانی" لێکۆڵەر و کارناسی ئابووری لە ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانان ڕایگەیاندووە کە ناوەندی ئاماری ئێران بە فەرمانی ڕێژیم ئاماری ساختە بڵاو دەکاتەوە و نرخی هەڵاوسانی ساڵانە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا لانیکەم ٦٠ لەسەدە.

سوڵتانی وتوویەتی: "من لەسەر ئەو باوەڕەم کە ناوەندی ئامار فەرمانەکانی ڕێژیم جێبەجێ دەکات و ئەو ژمارەیەی ئەوان دەیانهەوێت بڵاوی دەکاتەوە و ئەگەر کەمێک سەرنج بدەین ئامارە ساختەکان بە چاو دەبینین".

ئەو کارناسە هەروەها ڕایگەیاندووە کە بە تەواوەتی ئاشکرایە کە ناوەندی ئاماری ئێران ناوەندێکە کە سەرۆکەکەی لەلایەن دەوڵەتەوە هەڵدەبژێردرێت، لە کۆتاییدا هەرچی دەوڵەت دەیهەوێت و دەیڵێت ئەوان وەک نرخی هەڵاوسان ڕایدەگەیەنن.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە هەڵکشانی ١٥٠ لەسەدیی نرخی کەلوپەلی نێوماڵ کردووە و هۆکاری ئەو چوونەسەرەوەی نرخەی گەڕاندووەتەوە بۆ گرێدراوی بە نرخی دۆلارەوە.

"سوڵتانی" باسیشی لەوە کردووە کە لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردووەوە تا گەلاوێژی ئەمساڵ نرخی دۆخانییات نزیکەی ١٢٠ تا ١٣٠ لەسەد چووەتە سەرەوە. بە باوڕی ئەو کارناسە ئابوورییە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا، نرخەکان دەچێتە سەرەوە و نرخی هەڵاوسان لە وڵاتدا دەگاتە سەرووی ٦٠ تا ٧٠ لەسەد.