کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکان و ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیم لە ڕوونکاری بە ناوەندەکانی چاوەدێری بێبەری کران

12:02 - 2 جۆزەردان 2722

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ١ی بانەمەڕ، دەنگیان بەوە دا کە وەزارەتی ئیتلاعات، ڕێکخراوی وزەی ناوکی و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە گەڵاڵەی ڕوونکاریی سێ دەزگای یاسادانان، کارگێڕی و دادوەری بێبەری کران.

بەپێی تێبینیی ژمارە ٥ی مادەی ١ی ئەو گەڵاڵەیە کە لە مەجلیس پەسەند کرا، ئەو سێ ناوەندەی ڕێژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە کاروباری خۆیان بە ناوەندەکانی چاوەدێری نادەن.

هەروەها بەپێی تێبینیی ژمارە ٤ی مادەی ١ی ئەو گەڵاڵەیە، شورای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران و شوراکانی دابینکردنی پارێزگا و شارەستانەکانیش لەبەرگرەوەی ئەو گەڵاڵەیەن.

لە گەڵاڵەی ڕوونکاریی سێ دەزگای ''یاسادانان، کارگێڕی و دادوەری'' کە ١١ی بانەمەڕ لە مەجلیسی ڕێژیم پەسەند کرا، ناوەندەکانی سەر بە ''بەیتی ڕێبەری'' بێبەری کراون.

مەجلیسی خوبرەگان، بونیادی موستەعزەفان، ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام، حەوزەکانی عیلمیە، ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی، بونیادەکانی خەیرییە وەکوو کۆمیتەی ئیمداد، ئاستانی قودسی ڕەزەوی، ڕێکخراوی ئەوقاف و دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم لەو ناوەندانەی ڕێژیمن کە سەرەڕای ئەوەیکە بودجەی ساڵانەیان بۆ تەرخان دەکرێت، هیچ وڵامێک بە ناوەندەکانی چاودەێری نادەنەوە.

وەزارەتی ئیتلاعات، ڕێکخراوی وزەی ناوکی و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لەو ناوەندانەن کە ساڵانە بودجەیەکی زۆریان بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە کاروبارەکانیان بە ناوەندەکانی چاوەدەێری نادرێت، کە ئەوە دەگەیەنێت سامان و سەروەتی خەڵکی چارەڕەشی ئێران لەلایەن ئەو ناوەندانەی ڕێژیم بۆ ئامانجەکانی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.