کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکەن

18:28 - 29 جۆزەردان 2722

بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیامیان بۆ هەندێک لە هاووڵاتییان ناردووە و هەڕەشەیان لەو کەسانە کردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاناڵەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێرانیان پەسەند کردووە یان بۆ کەسانی دیکەیان ناردووە.

لەو پەیامەدا هەڕەشەیان لە هاووڵاتییان کردووە کە پەسندکردنی ئەو کاناڵانە بەپێی مادەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی و یاسای سزاکانی میدیایی هەوڵدانه بۆ تێکدانی ئەمنییەتی نێوخۆیی و سەرپێچیی سایبێری.

ئەو کەسانە لەلایەن ڕێژیمەوە پێیان ڕاگەیەندراوە ناویان لەنێو پێرستی بنکەکانی چاوەدێری و ئەمنییەتیدا تۆمار کراوە.

بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەی بەردەوام هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدەن کە نابێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزب و لایەنە دژبەرەکان پەسند بکەن دەنا سزا دەدرێن.