![](/content/upload/1/news/48325_w920.jpg)
ڕاپۆرتێکی ئەمنییەتیی نوێ کە لە ئاڵمان بڵاو بووەتەوە، شێوازی جۆراجۆر و نهێنیی ڕێژیمی ئێران بۆ شاردنەوەی هەوڵە نایاساییەکانی بە مەبەستی دەستپڕاگەیشتن بە تێکنۆلۆژیی چەکی کۆمەڵکوژ ئاشکرا دەکات.
لەو ڕاپۆرتە ٢١٨ لاپەڕییەدا کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئیالەتی باکووری ئاڵمان، شلسویک - هولشتیان، بڵاوی کردووەتەوە، ١٩ جار باس لە ڕێژیمی ئێران کراوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: ''وڵاتانی وەکوو ئێران، کۆرەی باکوور، سووریە و تەنانەت پاکستان کە لە کاروباری پێوەندیدار بە چەکی ناوکی چالاکییان هەیە، لە هەوڵدان یاساکان دەور لێدەنەوە و بۆ ئەو مەبەستە ڕوویان لە شێوازی نهێنی و نایاسایی کردووە".
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هەوڵە نایاساییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە تێکنۆلۆژیی چەکی کۆمەڵکوژ بریتییە لە پێکهێنانی شیرکەتی بێلایەن بە مەبەستی فریودانی فرۆشیار و دانانی تۆڕی کڕینی نایاسایی لە ڕێگای شیرکەتە ڕواڵەتییەکان و دەڵاڵەکانەوە.
هەروەها ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە ناسینی کڕیاری سەرەکی، ئاڵووێرەکانی خۆی لە ڕێگای وڵاتی سێهەم ئەنجام دەدات و کەرەستە نایاساییەکانی بە شێوەی پارچە پارچە و لە ڕێگای کەسانی جیاواز ڕادەگوازێت هەتا پێش لە ئاشکرابوونی مامەڵەکانی بگرێت.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێشتریش ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکانی سێ وڵاتی هولەند، ئاڵمان و سوئێد بە جیا باسیان لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ چەندین جار بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە تێکنۆلۆژیی پێوەندیدار بە بەرنامەی چەکی کۆمەڵکوژ هەوڵی داوە.