کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بە شێوازی جۆراوجۆر گوشار دەخەنە سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی

13:52 - 29 خەرمانان 2720

ئیدارە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی و هەروەها پێشمەرگەکانی کوردستان، کەڵکاوەژوو لە شوناس و ناسنامەی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کەسانە وەردەگرن.

بەپێی ئەو زانیارییانە کە بە دەستی ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، لە سەقز ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە کەڵکوەرگرتن لە ناسنامەی ئەو کەسانەی زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە یان ئەندامانی بنەماڵەکانیان، کاروباری ئیدارییان پێ دەکەن و دواتر کێشە بۆ بنەماڵەکانیان دروست دەکەن.

کاربەدەستانی ڕێژیم بە ناسنامەی ئەو کەسانەوە دەست بە کاروباری بازرگانی دەکەن، دووکان دروست دەکەن، پاساژ و کۆمەڵگەی بازرگانی دروست دەکەن و دواتر ئیدارەی ماڵیات بە ناوی ئەو کەسانەوە فیشی ماڵیات بۆ بنەماڵەکان دەنێرێت کە ماوەی چەند ساڵە ماڵیاتیان نەداوە و کێشەیان بۆ دروست دەکەن و بیانوویان پێ دەگرن.

بنەماڵەی ئەو کەسە سیاسییانە هەروەها هەڕەشەیان لێ دەکرێت ئەگەر ماڵیات نەدەن ڕادەستی دادگا دەکرێن.

ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم لەم چەشنە کارانە لەلایەکەوە سازکردنی سەر ئێشە و گرفت بۆ بنەماڵەکان و لەلایەکی تریشەوە هەوڵدانە بۆ دەوردانەوەی یاسا و هەڵلووشینی سامانەکان بەناوی کەسانی سیاسییەوە.