کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندەکانی مافی مرۆڤ داوای تەحریمی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێرانیان لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە

12:01 - 11 رێبەندان 2719

١٣ ناوەندی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و ئێرانی داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی تۆمار و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانە زۆرەملێیەکان تەحریم بکەن.

١٣ ناوەندی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و ئێرانی بە بەڕێکردنی نامەیەکی هاوبەش بۆ شۆرای یەکیەتیی ئورووپا، خوازیاری گەمارۆدانان لەسەر دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران و ٧ کەس لە بەرپرسانی تۆمار و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لە زیندانییانی سیاسی، لەوانە هەواڵنێر و سەردەبیرەکانی بەرنامەی ٢٠:٣٠ بوون.

ئەو داواکارییەی ئەو ١٣ ناوەندە مافی مرۆڤییە، پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکانی چالاکانی مەدەنی و بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی، لەمەڕ بەشداریی چالاکی هەواڵنێرانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم بەتایبەت هەواڵنێرانی بەرنامەی ٢٠:٣٠ لە لێپرسینەوەکاندا و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، هاتووەتە ئاراوە.

ئەو کەسانەی کە داوای تەحریم کردنیان کراوە بریتین لە:

"عەبدولعەلی عەلی ئەسگەری"، بەرپرسی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم، بەهۆی ڕۆڵگێڕی لە پێگەی بڕیاردەری لە کۆی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم.

"مەجید ئاخوندی"، جێگری سیاسی و ئەمنییەتیی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم، بەهۆی ڕۆڵگێڕیی وەک بڕیاردەر لە بەرنامە هەواڵییەکانی دەنگ و ڕەنگ کە ناوەڕۆکی سیاسی و ئەمنییەتیی هەیە.

"محەممەد ڕەزا جەعفەری جیلوە"، بەرپرسی کاناڵی ٢ی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم، بەهۆی ڕۆڵی ناوبراو وەک بەڕێوەبەری کاناڵی لە بەرنامەی هەواڵیی ٢٠:٣٠ بڵاو دەکاتەوە.

"ئامێنە سادات زەبیحپوور"، ڕیپۆرتێر و لە ئەندامانی گرووپی ئامادەکاریی بەرنامەی هەواڵیی ٢٠:٣٠.

"عەلی ڕزوانی"، ڕیپۆرتێر و لە ئەندامانی گرووپی ئامادەکاریی بەرنامەی هەواڵیی ٢٠:٣٠.

"یووسف سەلامی"، ڕیپۆرتێری بەرنامەی هەواڵی و لە ئەندامانی گرووپی ئامادەکاریی بەرنامەی هەواڵیی ٢٠:٣٠.

"حەمید ئیمامی"، ڕیپۆرتێر و لە ئەندامانی گرووپی ئامادەکاریی بەرنامەی هەواڵیی ٢٠:٣٠.

هەروەها، ئەو ناوەندە مافی مرۆڤییانە کە ئەو نامەیەیان واژۆ کردووە بریتین لە:

"ئارتیکێڵ ١٩، ئەنجومەنی بەرگری لە مافی مرۆڤی ئازەربایجانییەکان لە ئێراندا، ئیمپێکت ئێران، پێکەوە دژ بە سزای لەسێدارەدان، بونیادی سیامەک پوورزەند، بونیادی عەبدولڕەحمان بروومەند بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، مافی مرۆڤی کوردستان-ژێنێڤ، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، شەش ڕەنگ، عەداڵەت بۆ ئێران، ناوەندی بەڵگەکانی مافی مرۆڤی ئێران و تەواوی مافی مرۆڤ بۆ هەمووان لە ئێران".