کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندەکانی ڕادیۆلۆژی لە ئێراندا مایەپووچ بوونە

10:35 - 21 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی قەیرانی ئابووریی ئێران و دابەزینی نرخی پارەی ئەو وڵاتە، جیا لە داخرانی کارگە و کارخانەکان، بەشی بێهداشت و دەرمانیش تووشی کێشەی دابینکردنی ئیمکانات بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕادیۆلۆژیی ئێران باسی لەوە کردووە ناوەندەکانی ڕادیۆلۆژی لە ئێراندا تووشی مایەپووچبوون بوونەو پێویستە بەرپرسان لە دەوڵەتدا ئیمکانات و پارە بۆ بۆ ئەو بەشە دابین بکەن.

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا گوتوویەتی: ناوەندەکانی ڕادیۆلۆژی به هۆی کێشەی ئابووری و بەرزبوونەی نرخی دراوی بیانی بەرەو مایەپووچبوون دەچن و ئەو ناوەندانە ئیستا هەوڵ دەدەن تەنیا بیناکانیان بمێنێتەوە.

"جەلال جەلال شاهی" سەرۆکی ئەنجومەنی ڕادیۆلۆژیی ئێران دانی بەوەدا ناوە کە بۆ کڕینی ناوەندەکانی ڕادیۆلۆژی لە ئێراندا تووشی "بۆنبەست" بووینە و ئێستا ناتوانین کەرەستەکانی ڕادیۆلۆژی دابین بکەین. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە دۆخی ئابووریی ئێستادا هیچ ئومێدێک نییە بتوانین لەو بەشەدا کارێک بکەین.

گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران بە پێچەوانەی دروشم و هەڕەشەکانی کاربەدەستانی  ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، لە ماوەیەکی کورتدا کاریگەریی خۆیان لە سەر دۆخی ئابووریی ئێران و ژیانی خەڵک دانا.
کاربەدەستانی ڕێژیم بە سیاسەتی هەڵە، پشتیوانی لە تێرۆریزم، گەندەڵی و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، وڵات و خەڵکی ئێرانیان تووشی قەیران کردووە، سامانی وڵاتیان بەفیڕۆ داوە و ناتوانن وڵامدەری ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران بن و ڕۆژبەڕۆژ دۆخی وڵات لە هەموو بارێکەوە بەرەو قەیران و ئاڵۆزی دەچێ.