کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵک لە زۆربەی شار و پارێزگاکانی ئێران بەردەوامە

12:32 - 29 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ خۆپیشاندانەکان لە پارێزگاکانی چوارمەحاڵ و بەختیاری، ئیسفەهان، فارس و ئەلئەحواز و چەندین شوێنی دیکە بەردەوام بوو.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ لە شاری "دێزفوول" لە پارێزگای "ئەلئەحواز" هێزە بەناو ئینتزامییەکانی ڕێژیم بە دژی خەڵکی وەزاڵەهاتوو هاتنە سەر شەقامەکان و هەوڵیان دا ناڕەزایەتیی خەڵک سەرکوت بکەن.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرمان بە تیپی ٢٩٢ی زرێپۆشی دێزفوول و تەواوی هێزەکانی وشکانیی ئەرتش درابوو کە کاتژمێر ٨ی شەو لەنێو شاردا بڵاو ببنەوە و ڕێ لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگرن.

دواتر هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر خەڵکی ناڕازی و شەڕ و تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە و ٢٩ کەس لە هێزەکانی ڕیژیم بریندار بوون.

هەر بە دوای ئەو ڕووداوەدا هێڵەکانی ئینتێرنێت و پەیوەندیگرتن لەو پارێزگایە لەلایەن ڕێژیمەوە لاواز کراوە.  

لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، ڕێژیم بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ خەڵکی ناڕازی کە لەبابەت گرانی و نەبوونی پێداویستییەکانی ڕۆژانە هاتبوونە سەر شەقام، تانک و زرێپۆشی شەڕکەری هێنایە سەر شەقامەکان.

لە ماوەی ڕابردوودا لە زۆربەی شارەکانی پارێزگاکان بە تایبەت لە "شەهری کورد" خۆپیشاندان بەڕێوە چووە و دژی "خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیم و "ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیم دروشمیان دا.

لە پارێزگاکانی فارس و ئیسفەهان ناڕەزایەتییەکان درێژەیان هەبوو، بەتایبەت لە شاری "گۆلپایگان" بە دانی دروشمی دژی "خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیم، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە چوو.

هاوکات ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ، "محەممەد جەعفەر مونتەزری" دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان، ناڕازییانی بە "تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگە" تۆمەتبار کرد  و فەرمانی بە دادستانەکانی ڕێژیم لە هەموو شارەکانی ئێران کرد کە بە توندترین شێوە لەگەڵ ناڕازییان بجووڵێنەوە.