کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی و دەسبەسەرکرانی خەڵک وەزاڵەهاتووی بەلووچستان

12:14 - 7 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی وەزاڵەهاتووی بەلووچستان لە هەمبەر کوژرانی لاوێکی بەلووچ بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و بەم بۆنەوە ڕێژیەکی تر لە خەڵکی ناڕازی دەسبەسەر کراون.

پاش ئەوەی کە ڕۆژی شەممە، ٤ی جۆزەردان، لاوێکی بەلووچ، بە ناوی ''مووسا شەهبەخش''، لە ناوەندی شاری زاهدان، بە هۆی نەبوونی گەواهینامەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە تەقەی ڕاستەوخۆی لێ کرا و گیانی لە دست دا، خەڵک لەو شوێنە کۆ بوونەتەوە و هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی ڕێژیمی بردووە، کە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە تەقەی هەواییان بەسەردا کراوە و بڵاوەیان پێ کردوون.

لەم بارەوە، کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ڕۆژی دووشەممە، ۶ی جۆزەردان، جارێکی تر خەڵکی بەلووچستان و لاوانی بەلووچ، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر کوشتنی ئەو لاوە بەلووچە، لە پێش بینای فەرمانداریی شاری زاهدان کۆبوونەوەیەکی تری ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ناڕازییان لەو کۆبوونەوەیەدا کە زیاتر لە ۷۰ کەس دەبوون، خوازیاری وڵامدانەوەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە هەمبەر کوشتنی ئەو لاوە بەلووچە بوون، کە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ۳۰ کەسیان دەسبەسەر کراون و بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم گوازراونەتەوە.

هەروەها، ئەو کەمپەینە ڕایگەیاندووە، کە حەوتووی ڕابردوو "موهبتی"، پارێزگاری پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو پارێزگایە بڕیاری داوە، کە له کوشتنی لاوان و سووتەمەنیبەرانی بەلووچ دەستپارێزی نەکەن و ئەمەش ناڕەزایەتی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.