کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی کرێکارانی شارەداریی بروجێرد

18:44 - 28 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سەدان کەس لە کرێکارانی شارەداری بروجێرد، بە هۆی وەرنەگرتنی مووچەی ٩ مانگ کار، لە بەردەم شارەداری ئەو شارەدا کۆبوونەوە.

سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، سەدان کەس لە کرێکارانی بەشی خەدەماتی شارەداری بروجێرد، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە وەدوا کەوتنی مووچەی چەندین مانگیان، لە بەردەم بینای شارەداری ئەو شارەدا کۆ بوونەتەوە و دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین.

ئەو کرێکارانە بە هەواڵدەری ئیلنایان ڕاگەیاندووە، کە ٩ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و چیدیکە ناتوانن خۆیان و بنەماڵەکەیان بژیێنن، ئەوان هەروەها باسیان لەوە کردووە کە شارەداری بروجێرد هیچ پلان و بەرنامەیەکی بۆ دانی ئەو پارە وەدواکەوتووانە لەبەردەستدا نییە.

ئەوە چەندەمین جارە کە کرێکارانی ئەو شارەدارییە لەو پێوەندییەدا ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

کرێکارێکی ناڕازی ئەو شارەدارییە رایگەیاندووە: "لەگەڵ ئەوەیکە بەرپرسان ئاگاداری بارودۆخی خراپی ژیانی ئێمەن، بەڵام نە بەرپرسانی شارەداری و نە بەرپرسانی دیکە، هیچ جۆرە تەداخۆلێک ناکەن و تەنیا خۆیان لە پرسەکە دەدزنەوە".

بە هۆی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی ڕێژیمی ئێران و داڕمانی ئابووریی ئەو ڕێژیمە، ناڕەزایەتییە سینفییەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا ڕوویان لە زیادبونە و دەوڵەتیش هیچ وڵامێکی بۆ ناڕازییان پێ نییە.