کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی 21 رۆژی بێ وەڵام/ هەزاران مامۆستا لە بەربەری بێكاری دان

18:12 - 8 گەلاوێژ 2712

كوردستان میــــــدیا: ناڕەزایەتی دەربڕینی سێ حەفتەیی مامۆستایانی باخچەی ساوایان لە بەردەم مەجلیس هەتا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوه. هەزاران مامۆستای باخچەی ساوایان بەرەوەڕووی بێكاری بوونەتەوە.


لە ماوەی سێ حەفتەی رابردوودا بە نوسراوێكی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە و فێركردن قوتابخانە دەوڵەتییەكان ئاگادار كرانەوە كە لەگەڵ دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندن قوتابخانە دەوڵەتییەكان ناتوانن قۆناغی بارهێنانی باخچەی ساوایان بكەنەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەری ئیلنا، ناردنی ئەم نوسراوە فەرمیە لە كاتێك دایە كە ساڵی رابردوو لەگەڵ رێكخراوی بێهزیستی رێكەوتنێك كرابوو بۆ ئەوەی باخچەی ساوایان بخرێتە ئەستۆی وەزارەتی پەروەدە و بارهێنان.
لەو كاتەدا مامۆستایانی باخچەی ساوایان باوەڕیان وابوو ئەوان سەر بە پەروەردە و بارهێنانن، بەڵام لە كۆتاییدا تەنیا بە دەركردنی یەك نوسراوەی فەرمی لەلایەن پەروەردە و بارهێنانەوە سەدان كەس رووبەڕووی بێكاری بوونەتەوە.
هەریۆیە ئەو مامۆستایانەی كە خۆیان بێ هیوا دەبینن لەبەر دەرگای مەجلیس كۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
لەو ناڕەزایەتیانەدا كە ماوەی سێ حەفتەیە دەستێ پیكردووە رۆژانە دەیان كەس لە مامۆستایان بەو هیوایەی كە دەنگی خۆیان بە گوێی بەرپرسانی رێژیم بگەیەنن لە شوێنە جۆراوجۆرەكانی ئێرانەوە بە ریزی مامۆستایانی ناڕازی پەیوەست دەبن، بەڵام بە وتەی خۆیان هیچ بەرپرسێك وەڵامدەری كێشەكانیان نیە.
ناڕازییان بە راگەیاندنی ئەوەی كە نزیكەی 25 هەزار كەس لە مامۆستایانی باخچەی ساوایان ئەو كێشەیان هەیە كە هەنووكەش بە دەركردنیان لەسەر كارەكانیان كێشەی ئابووریشیان بۆ زیاد بووە و لەلایەن بەرپرسانەوە هیچ هەوڵێكیش بۆ چاكسازیی ئەو بارودۆخە نەدراوە.