کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی بەرپرسانی زانکۆوەکانی تاران لە هەمبەر کەمیی بوودجە

12:41 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی زانکۆوەکانی تاران، لە هەمبەر کەمیی بوودجە و ئەگەری سەرهەڵدانی هەر جۆرە قەیرانێک لەو زانکۆوانە بە هۆی نەبوونی بوودجەی پێویست، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسانی زانکۆوەکانی تاران، لە هەمبەر کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم بە نیسبەت ئەو زانکۆوانە و کەمیی بوودجەی پێویست، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر جۆرە قەیرانێک لەو زانکۆوانە ئاگادارییان داوە و مەترسییان دەربڕیوە.

لەم بارەوە، محەمەد نیلیی ئەحمەدئابادی، بەرپرسی زانکۆی تاران، ڕۆژی شەممە ۳۱ی خاکەلێوە، ڕایگەیاندووە: بەپێی بەڵێنەکانی بەرپرسانی حکوومەتی، بڕیار بوو کە حکوومەت هەموو بوودجەی ساڵی ۱۳۹۷ لە کاتی خۆیدا بەو زانکۆیە بدات، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی یەک مانگ لە ساڵی نوێش (ساڵی ۱۳۹۸)، تاکوو ئێستا چاوەڕوانی بەڵێنی بەرپرسانی حکوومەتی و پێدانی ئەو بڕە بوودجەیەین.

بەرپرسی زانکۆی تاران، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە بوودجەی ئەو زانکۆیە لە ساڵی ۱۳۹۸ی هەتاوی، بەپێی بەراورد لەگەڵ بوودجەی ساڵی ڕابردوو، ۱۶ لەسەد زیادی کردووە، وتوویەتی: "لە ساڵی نوێی خوێندندا، تێچووی خواردنی خەوتنگەکانی زانکۆ، تێچووی خوێندنەوە و بەشداریی لە کۆنفڕانسەکان، مووچەی پێرسۆنێل و بەتایبەت مامۆستایانی زانکۆی تاران زیادی کردووە و بەو بڕە بوودجەیەش کە حکوومەت دیاری کردووە، ساڵی نوێی خوێندن لەو زانکۆیە ساڵێکی دژوار دەبێت و ئەگەری زۆری هەیە لەگەڵ کێشەی جیددی بوودجە بەرەڕوو ببینەوە".

ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا ڕایگەیاندووە: سەرەڕای ئەوەی کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو جۆرە کێشانە، بڕە پارەیەک لە خوێندکاران وەردەگیردرێت، بەڵام بە هەڵکشانی بەهاکان، هێشتا ئەو بوودجەیە بەشمان ناکات و بزانین تاکوو چەند ماوە دەتوانین لە بەرانبەر ئەو کێشە و گرفتانە خۆڕاگری بکەین.

لەم پەیوەندییەدا، حوسین حەنیفەر، بەرپرسی زانکۆی فەرهەنگییانی تاران، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ۹۷دا، لە هەمبەر ئەو بڕە بوودجە زۆر کەمەی کە حکوومەت بۆ ئەو زانکۆیەی تەرخان کردبوو، ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕایگەیاندبوو: بەو بڕە بوودجە زۆر کەمە کە تەنیا بڕە پارەیەکە، ناتوانین مامۆستای باش پێ بگەیەنین، ئەو زانکۆیە لە ساڵی ۱۳۹٤ـەوە تاکوو ئێستا نەیتوانیوە مووچەی مامۆستایان و هەیئەتی زانستیی زانکۆ دابین بکات.

هەر لەم پەیوەندییەدا، حوسین سەلیمی، بەرپرسی زانکۆی ئایینی تەباتەباییی تاران، لە مانگی سەرماوەزدا، وێڕای ناڕەزایەتییەکی زۆر لە هەمبەر بوودجەیەکی زۆر کەمیی تەرخانکراو بۆ ئەو زانکۆیە، ڕایگەیاندبوو: لە ئێستادا، وێڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ۹ مانگ لە سەری ساڵ (سەری ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی)، کەمتر لە ۵۰ لەسەدی بوودجەی دیاریکراوی ئەو زانکۆوەمان وەرگرتووە، ئەو لە کاتێکدایە کە تاکوو ئێستا خەرجی ئەو زانکۆیە زیاتر لە ۷۰ لەسەدی بوودجە پێشووتر، زیادی کردووە.

قەیرانی بوودجەی زانکۆوەکانی تاران و سەرتاسەری ئێران لە کاتێکدایە، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ساڵانە زیاتر لە سەدان و هەزاران میلیارد دۆلار لە بوودجە و داهاتی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ کردەوە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکە و پاڵپشتی و پەرەپێدانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، تەرخان دەکات.